"كارەبای ماڵان دەكەین بە 30 ئەمپێر"

:: PM:09:07:22/11/2023 ‌

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر خواست لەسەر كارەبای نیشتمانی، باس لەوە دەكات كە خواست بۆ سەرو 4500 مێگاوات بەرز بووەتەوە، لەوكاتەی بەرهەمهێنانی كارەبا زۆر كەمە و بەپێی ئەو توانایەی لەبەردەستماندایە بەرهەمی رۆژانە 3200 مێگاوات كارەبایە، بۆیە سیستمی ئەمپێر جێبەجێ دەكەین.

*ئێستە پێدانی سعاتەكانی كارەبا بە هاووڵاتییان چەندە؟


 سەرەتای مانگی تشرینی دووەم تا 15ی مانگ، رۆژانە 15 بۆ 16 سعات كارەبای نیشتمانی دراوەتە هاووڵاتییان، لە دوای ئەوەوە بەهۆی ئەوەی خواست لەسەر كارەبا زیادی كردووە و بەرهەمیش كەمە، پێدانی كارەبا كەمی كردووە، ئەمەش وای كردووە كارەبای نیشتمانی چەند سعاتێك كەم ببێتەوە، لە ناوچە شاخاوییەكانیش بەهۆی ساردیی كەشوهەوا سعاتەكانی پێدانی كارەبا زیاتر دابەزیووە، كە بە بەراورد بە پێش 15ی مانگ دوو سعات دابەزیووە و هەموو ساڵێك لەو كاتەدا تووشی ئەو دۆخە دەبین و ئەگەر بەرهەمی زیادمان نەبێت وامان بەسەر دێت، ئەگەریش نەتوانین بەرهەم زیاد بكەین دۆخەكە هەر بەو شێوەیە دەبێت.

*خواست و بەرهەمی كارەبا گەیشتوونەتە چەند؟

 ئێستە خواست لەسەر كارەبای نیشتمانی رۆژانە 4500 مێگاوات كارەبایە و دەچێتە 5000 هەزار، پێشتریش لە ناوەڕاستی وەرزی زستان خواست تا 7000 مێگاوات رۆیشتووە، لەوكاتەی بەرهەمی رۆژانە لە نێوان 3200 بۆ 3500 مێگاوات كارەبایە، ئەوەش وای كردووە سعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی كەم بێتەوە، بۆ ئەوەش لە رۆژانی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزارەت كۆ دەبێتەوە و هەڵسەنگاندن لەبارەی سعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بۆ مانگی كانوونی یەكەم دەكات.

*چۆن دەتوانن كێشەكان چارەسەر بكەن؟

ئەو توانایەی لەبەردەستی ئێمەدایە، لە سووتەمەنی و غاز و جۆرەكانی تری سووتەمەنی، ئەوەندە كارەبایەی لێ بەرهەم دێت، بۆیە هەموو هەوڵێكی وەزارەت ئەوەیە كە چۆن بتوانێت سعاتی زیاتر كارەبا بە هاووڵاتییان بدرێت، هەموو شتەكەش دێتەوە سەر خواست لەسەر كارەبا و ئاستی بەرهەمهێنانی.

*تا چەند بودجەی پێویست لەبەردەستە بۆ چارەسەری كێشەكان؟

 وەزارەتی كارەبا دەتوانێت تەنیا 8%ی داهات بەكاربێنێت، بۆیە ئەگەر هاووڵاتییان قەرزەكانی سەریان بدەنەوە، وەزارەتەكە دەتوانێت كێشە تەكنیكییەكان باشتر چارەسەر بكات، ئەوەش كاریگەری لەسەر سعاتەكانی پێدانی كارەبا دەبێت و دەتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات، كە بەهۆیەوە گرفت دروست دەبێت، قەرزەكانیش سەرو تریلیۆنێك دینارە.

*وەك ساڵانی رابردوو، ئەم زستانەش سیستمی ئەمپێر جێبەجێ دەكەن؟

لە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت لەبارەی سعاتەكانی پێدانی كارەبا بۆ مانگی داهاتوو، هەموو رێوشوێنێك دەگرینە بەر تا باشترین كارەبا بدەینە هاووڵاتییان، یەكێك لە چارەسەرەكان جێبەجێكردنی سیستمی 30 ئەمپێرە، واتە كارەبای هەر ماڵێك بە 30 ئەمپێر دیاری دەكرێت، ئەوەش لە پێناو ئەوەیە كارەبای زیاتر بە هاووڵاتییان بدەین و دوور بین لە سووتانی محاویلە و پچڕانی تۆڕەكانی كارەبا.

دیمانەی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل