ڤیدیۆ .. ئه‌و گۆرانییه‌ی‌ له‌ هزری‌ زۆربه‌مانه‌ و كه‌متر ده‌زانین شاعیره‌كه‌ی‌ كێیه‌

:: PM:04:12:23/11/2023 ‌
باسی ئەو شیعرە دەكەین كە شاعیری گەورەی كورد هەژار موكریانی لە ساڵی 1957 نووسیویەتی و هونەرمەند ئەژدەر وەهەبی لە نەوەدەكان بە كلیپێكی سادە كردی بە خوێی برینەكانمان و هەركاتێك بەر گوێمان دەکەوێتەوە  دەتباتەوە ساتە ناسکەکانی تەمەن. 

بە گریەم پێكەنی، خەندەت بە شینە
دەڵێی: پاش گریە نۆرەی پێكەنینە
دڵت گەر سەدیەكی سینگت نەرم با
نەرم بووی ئێستە بۆ ماچێك لە سینە 

ساڵی 1957، شاعیری گەورەی كورد هەژار موكریانی ئەوكاتەی لە رۆژئاوای كوردستان بووە، ئەو شیعرەی نووسیوە، هەرچەندە دۆزینەوەی چیرۆكەكەی قورسە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە نەهامەتیدا بووە، لە دێڕێكی شیعرەكەیدا ئومێدی زۆر هەڵدەچنێ‌ و دەڵێ‌، دەڵێن دوای گریان نۆرەی پێكەنینە.

لێكدانەوەكان بۆ ئەو شیعرە تێكەڵەیەكی سەرسووڕهێنەری هەیە، تا ئێستەیش بە تەواوی یەكلا نەبوونەتەوە بۆ کێ نووسراوە و لە چ دۆخێکدا بووە، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی ئەو كەڵە شاعیرەی كورد كەمتر بەلای شیعری دڵداریدا چووە و زیاتر دۆزی نەتەوەکەی بەرگی شیعرەكانی بووە. 

زامدار ئەحمەد كە كتێبێكی مێژوویی لەبارەی شیعری هەژار موكریانی هەیە، دەڵێ‌، تێگەیشتنەكان لەسەر ئەو شیعرە دیار نین و چەندان جاریش بە دواداچوونی لەسەر كراوە، بەڵام هێزی ئەو شیعرە ئەوەیە تەنیا لە هزری شاعیرەكەدا ماوەتەوە. 

هونەرمەند ئەژدەر وەهبی هات و ئەوەی كرد بە گۆرانییەك كە تەنیا بە سادەییەكەی دەتباتەوە زەمەنێكی تر، فرمێسك لە چاوانت قەتیس دەكات و دڵیشت دەكات بە پارچەیەك لە خۆشەویستی و هەستی پاک، بەتایبەت كە دەڵێ‌، وتت پێك نایە زۆری من كەمی تۆ .




وشە - وشه‌