لەبارەی بەشەخۆراكەكانی ئەمساڵ كە نەدراون دڵنیایی دەدرێ‌

:: AM:09:46:27/11/2023 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رای دەگەیەنێت، بەخێرایی دەست بە دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكی دەكرێت، ئەوەیش بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی خۆراكە لە بازاڕە ناوخۆییەكانی عێراق.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی تشرینی دووەم، موسەنا فەریجی گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رای گەیاند، وەزارەتی بازرگانی دەستی كردووە بە خێراكردنی دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكی پێش كۆتایی ئەمساڵ.

زیاتر گوتی، ئەو هەنگاوەی وەزارەتی بازرگانی بۆ سنوورداركردن و رێگریی لە بازرگانان كە نرخی خۆراك گران نەكەن، هەروەها پێش كۆتایی ساڵ، یەك سەبەتەی خۆراكی تر دابەش دەكرێت بە هەمان كوالێتی دوو مانگی رابردوو.

"وەزارەت پێشتر پێشنیارێكی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ زیادكردنی بابەتی نوێ بۆ سەبەتەی خۆراك، لەوانە ئاردی سفر، پەنیر و شیر، ئاماژەی باش هەیە بۆ ئەگەری جێبەجێكردنی پێشنیارەكە لە ساڵی داهاتوودا، دوای لێكۆڵینەوە و پەسند بكرێ‌"، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی وای گوت.

فەریجی دووپاتی لەوە كردەوە كە سەبەتەی خۆراك بەشدار بووە لە سەقامگیركردنی نرخی كەلوپەلی خۆراك لە بازاڕەكان و دابەزاندنی نرخی برنج و ئارد بەتایبەتی.



وشە - رامیار جەواد