هۆكارەكانی سەرئێشەی دوای لەخەوهەستان چییە؟

:: PM:07:52:27/11/2023 ‌

سەرئێشە حاڵەتێكە و رەنگە نیشانەی چەندان كێشەی ئاسایی و نائاسایی تەندروستی بێت، هەندێكجار مرۆڤ كە بەیانیان لە خەو هەڵدەستێت، سەرئێشەی توندی هەیە، پزیشكێكی شارەزای رووسی ئەو جۆرە سەرئێشە بە شێوانی خەو دەبەستێتەوە.

د. یلینا تساریۆڤا، پسپۆڕی خەونزانی دەڵێت، دەكرێ سەرئێشە لە هەر كاتێك دروست ببێت، بەڵام ئەگەر لە دوای لەخەوهەستانی بەیانی دەركەوت، رەنگە بە هۆكاری شێوانی خەوەوە بێت، واتە ئەو كەسە پابەندی سیستمێكی دیاریكراوی خەوتن نییە، چونكە لەش خۆی لەگەڵ كات دەگونجێنێت، لەوانە خولی خەوتن لەگەڵ كاتی هەستان رێك دەخات، بۆیە ئەگەر كەسێك لە ناو قۆناغی خەوی قووڵدا هەستا، هەست بە سەرئێشە و بێهێزی دەكات. 

ئاماژە دەكات، هەروەها مرۆڤ بەهۆی قەتیسبوونی هەوای ژوور تووشی سەرئێشە دەبێت، بەڵام ئەگەر دوای كردنەوەی دەرگە و پەنجەرە و پێڕەوكردنی سیستمێكی رێكی خەوتن سەرئێشەكە نەرۆیشت، پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت، چونكە رەنگە ئاماژە بێت بۆ كێشەی پچڕانی هەناسەدان لە كاتی خەودا، كە كێشەیەكی مەترسیدارە.  

ئەو پسپۆڕە رووسییە ئەوەشی گوت كە هۆكارێكی تری سەرئێشە كەمیی ئۆكسجین یان برسیەتی بۆ ئۆكسجینە، ئەوەش بەهۆی پرخەپرخەوە دروست دەبێت، كاتێك لە كاتی خەودا هەناسەدان دەوەستێت، یان رەنگە سەرئێشە بەهۆی بەرزیی پەستانی خوێنەوە بێت، یان بەرگریی ناوخۆی لەش بۆ ئەنجامدانی كارێك، كە ئەوەیان زۆرجار لە حاڵەتی خەمۆكییەوە دروست دەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل