"هۆكاری ناكۆكییەكانی هەولێر و بەغدا چەند هێزێكی سیاسین"

:: PM:05:13:28/11/2023 ‌

چاودێران بۆ پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا ددان بەوەدا دەنێن كە هەردوو حكوومەت نیازی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانیان هەیە، بەڵام بە هۆكار و مەبەستی سیاسییەوە ئەو هەوڵانە ناگەنە ئەنجام، پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە پێوەندییەكانی هەردوو حكوومەت باشە، بەڵام چەند لایەنێكی سیاسی رێگە بە چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكان نادەن.

دانا شێخ جەزا، ئەندامی پێشووی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێوەندییەكانی هەردوو حكوومەتی هەولێر و فیدراڵی لەسەر ئاستی حكوومەت و بەرپرسانی باشە، بەڵام ئەو كێشانەی هەن پێوەستن بەو لایەنە سیاسییانەی كە حكوومەتی عێراقیان پێك هێناوە. 

روونی كردەوە، كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، كێشەیەكی زەحمەت نییە، بەڵام كاریگەرییەكەی گەورەیە، چونكە مووچە سادەترین مافی هاووڵاتییانە و دابینكردنیشی ئەركێكی حكوومەتە، كەچی هەندێك لایەن دەستیان خستووەتە ناو كێشەكەوە، بۆیە كێشە گەورەكە لە ناو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، كە وا دەزانین تاكڕەوی بەسەریدا زاڵە. 

ئەو پەرلەمانتارە پێشووەی عێراق بە وردی ئاماژە بۆ كێشەكان دەكا و دووپاتی كردەوە، ئەو كێشانەی پێویستییان بە چارەسەرییە، بریتین لە مادە دەستوورییەكانی پێوەست بە ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان، وەك مادەكانی 65 و 105 و 106 و 140، هەروەها یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی و ئەوانەشی پێوەستن بە داهاتی دەوڵەت و خەرجی و پاڵپشتیی پێشمەرگەوە.

شێخ جەزا سەبارەت بە برشیاری لادانی محەمەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عیچراق گوتی، دەرچوونی بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی لەو كاتەدا، چەند پرسیارێكی دروست كرد، گرنگترینیان بۆچی برشیاری لادانی لە لایەن پەرلەمانەوە نەبوو، هەروەها بۆچی دادگەیەكی تایبەت بۆ ئەو جۆرە بابتانە نییە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل