ئوسترالیا کێشانی جگەرەی ئەلکترۆنی (ڤەیپ) قەدەغە دەکات

:: PM:06:16:28/11/2023 ‌
بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئالودەبوونی منداڵان بە نیکۆتین، ئوسترالیا وەک یەکەمین وڵات کێشانی جگەرەی ئەلکترۆنی قەدەغە دەکات.

ئێستە لە ئوستورالیا سەرقاڵن بە دەرکردنی چەند یاسایەک بۆ قەدەغەکردنی ئامێری جگەرەی ئەلکترۆنی و ڕێگریکردن لەوەی کە ڕیکلام بۆ ئەم جۆرە لە کێشانی نیکۆتین بکرێت، مەبەست لەم هەنگاوە دوورخستنەوەی منداڵانە لە نیکۆتین.

ڤەیپ وەک جێگرەوەیەک بۆ جگەرەکێشان خۆی خزاندە ناو بازاڕەکانی جیهانەوە و ئەوانەی دەیانویست واز لە جگەرەکێشان بهێنن، خوویان دایە بەکارهێنانی ڤەیپ و کێشانی، بەڵام ئێستە ئەم جگەرە ئەلکترۆنییە بووە بە یەکێکی تر لە ئامرازەکانی ئالودەبوون و خەڵکی ناتوانن دەستبەرداری بن، کە بە هەمان شێوەی جگەرە و بگرە زیاتریش نیکۆتینی تێدایە.

ڤەیپ کە جگەرەی ئەلکترۆنیشی پێ دەوترێت، لە ماددەی کاربۆنی ''لیپیۆم'' پێکهاتووە کە وەک باتری کار دەکات، شلەی نیکۆتین و تامی دەستکردیشی تێدایە، هاوشانی چەند ماددەیەکی تری کیمیایی.

سەرەڕای ئەوەی کە پێشتریش کڕین و فرۆشتنی ڤەیپ بە بێ بوونی ڕەچەتەی دکتۆر لە دەرەوەی یاسا بووە، بەڵام ئەم سنووردارکردنانە وایان نەکردووە کە کێشانی ڤەیپ لە ئوسترالیا بەرەو کەمبوونەوە بڕوات و تا دێت بازاڕی گەرمتر دەبێت.

لە کوردستانیش بە هەمان شێوەی وڵاتانی دنیا، ئێستە گەنجێکی زۆر خووی داوەتە کێشانی جگەرەی ئەلیکترۆنی یاخود ''ڤەیپینگ''، بازرگانانی بەهۆی مامەڵەکردن بەم جۆرە مادەیەوە قازانجی مادیی خەیاڵییان بەدەست دەکەوێت، كە زیانێکی زۆر دەگەیەنێت بە تەندروستیی مرۆڤ، بەتایبەتر مەترسییە بۆسەر گەنجان و منداڵان.


وشە - ئارا هێمن