بەپێی پێگە هەواڵییە ناوخۆییەكانی ئێران، ئەمڕۆ سێشەم 28ی تشرینی دووەمی 2023، مەلا حوسێن عەلیمورادی، پێشنوێژی مزگەوتی "ئیبراهیم خەلیلوڵا"ی سنە و بەرپرسی قوتابخانەی زانستیی ئاینی "ئیبراهیم خەلیلوڵا"، لەلایەن دادگای تایبەتیی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە، بە ١٦ مانگ گرتن حوكم درا.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ، دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان ئەم مامۆستا ئاینییەی بە "هەوڵدان دژی تەناهیی وڵات" و "پڕوپاگەندە دژی كۆماری ئیسلامی" تۆمەتبار کردووە.
مەلا حوسێن عەلیمورادی یەكێك بوو لە پشتیوانانی خۆپێشاندانەكانی "ژینا" لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی 2022، ژینا ئەمینی /22 ساڵ/، لە تاران لەلایەن پۆلیسی ئادابی ئەو وڵاتە بە تۆمەتی رێزنەگرتن لە بنەما شەرعییەكانی پۆشاكی ژنان لە ئێران گیرا، بەڵام بەهۆی ئازاردانی گیانی لە دەست دا، دەسەڵاتدارانی ئێران رایان گەیاند، ئەو كچە بە نەخۆشی مردووە نەوەك بەهۆی ئازاردانی، ئامۆزاكەشی ئاماژەی كرد كە گورزێكی بەهێز بەر سەری كەوتووە، لەو كاتەی بەپێی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لەو ساتەوە تا ئێستە زیاتر لە 500 كەس كوژراون و هەزارانیش گیراون، لەوانە ژمارەیەكیان لە سێدارە دراون.