وەرگرتنی چارەسەری ماخۆلان دەبێتە هۆی نەخۆشیی دڵ

:: PM:09:52:28/11/2023 ‌
بەپێی نوێترین توێژینەوەی گۆڤاری پزیشکی ''جاما'' بۆ نەخۆشییەکانی دڵ، دەرکەوتووە وەرگرتنی چارەسەری ماخۆلان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە تووشبووی ئەو نەخۆشییەن، دەبێتە هۆی زیاتر بوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.

گۆڤارە سویدییەکە باس لەوە دەکات کە وەرگرتنی چارەسەرەکانی نەخۆشیی ماخۆلان لە داهاتوودا دەبنە هۆکاری نەخۆشییەکانی دڵ و ئەگەرەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی دەمارە خوێنبەرەکانیش زیاتر دەکەن.

توێژینەوەکە دەریخستووە ئەو کەسانەی کە بە بەردەوامی چارەسەرەکانی نەخۆشیی ماخۆلانیان وەرگرتووە، ساڵانە بە ڕێژەی %4 ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاتر بووە، هەروەها ئەوانەیشی کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەردەوامبوون لەسەر وەرگرتنی چارەسەرەکانی ماخۆلان، بە ڕێژەی %23 ئەگەری تووشبونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاتر بووە.

جێی باسە لە منداڵاندا نەخۆشییەکانی دڵ کەمتر باوە، بۆیە ئەو منداڵانەی کە ماخۆلانیانە تەنیا پێویستیان بە دکتۆری منداڵانە سەرپەرشتیان بکات و پێویست ناکات بچنە لای دکتۆری دڵ، بەڵام ئەو منداڵانەی کە بارودۆخی تایبەتیان هەیە، لەگەڵ ئەو گەنجانەی کە ماخۆلانیانە ئەگەری تووشبونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاترە، بۆیە پێویستە بە وریایی زیاترەوە چارەسەرەکانی نەخۆشیی ماخۆلان وەربگرن.

لە یەک بۆ 10 منداڵ دانەیەکیان ماخۆلانی هەیە و ئێستە ڕێژەکە لە نێوان گەنجانیشدا ڕوو لە هەڵکشانە، پزیشکان پێیان وایە ئەو کەسانەی کە هیچ کێشەیەکی بۆماوەیی دڵ، یاخود بارودۆخێکی تایبەتیان نییە، ئەوا ئاساییە چارەسەرەکانی ماخۆلان وەربگرن و کێشەی دڵیان بۆ دروست ناکات، بەڵام ئەوانەی کێشەیەکی لەم جۆرەیان هەیە دەبێت ئاگادار بن.
 
سەرەڕای هەموو ئەمانە، شارەزایان دەڵێن وەرگرتنی چارەسەری ماخۆلان باشترە لە گوێ پێنەدان بە نەخۆشییەکە، بەڵام دەبێت بە ڕاوێژی ورد لەگەڵ پزیشکی دڵ چارەسەرەکان وەربگیرێن.

ماخۆلان نەخۆشییەکی باوە لەناو منداڵاندا، ئەو کەسەی ماخۆلانی هەیە سەرنجی زۆری پێ ناکرێت بۆ ماوەیەکی بەردەوام، زیاد لە پێویست چالاک و شپرزەیە.


وشە - ئارا هێمن