هۆكار و چارەسەریی بۆنی ناخۆشی دەم چییە؟

:: PM:10:50:28/11/2023 ‌

دەم یەكەم بەشی كۆئەندامی هەرس و دەروازەیەكی گرنگی كۆئەندامی هەناسەدانە، مرۆڤ لە رێگەی دەمەوە خواردن و خواردنەوە، تەنانەت دەرمان و چارەسەریش وەردەگرێت، بۆیە یەكێكە لە بەشە گرنگەكانی لەش، هاوكات ئاوێنەیەكی تری پێشاندەری تەندروستیی مرۆڤە، بۆنی ناخۆشی دەم حاڵەتێكە، جیا لە بێزاری، رەنگە ئاماژەیەكیش بێت بۆ هەندێك نەخۆشی، بەڵام هۆكارەكان و چارەسەری چییە؟

پزیشكان ئاماژە دەكەن كە هۆكارێكی بۆنی ناخۆشی دەم تووشبوونە بە ڤایرۆس یان بەكتریا و دەكرێت بە چارەسەركردنی ئەوانە، چارەسەری بۆنی ناخۆشی دەم بكرێت، وەك ماڵپەڕی "Today "ی بڵاوی كردەوە.

جیا لە كێشەكان ددان و پووك و پاشماوەی خواردن و كێشەكانی گەدە، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە هەوكردن بەهۆی ڤایرۆس و بەكتریا، وەك هەوكردنی بۆری هەناسە و ئاڵووەكان و كەڵێنەكانی لووت، دەكرێ ئەوانە ببنە هۆی كۆبوونەوەی شلەی لینج لە بەشی پشتەوەی گەروو، ئەوەش بۆن و چێژێكی ناخۆشی هەیە و دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆنی ناخۆشی دەم.

دەكرێ بەهۆی هەوكردنی بۆری هەوا و سییەكانەوە، شلەی لینج لە سییەكان كۆ ببێتەوە و بۆنی ناخۆشی هەناسە و دەم دروست بكات، بەتایبەتی لە كاتی كۆكین و رەنگە ئازاریشی لەگەڵدا بێت، دەشكرێ بۆنی ناخۆشی دەم بەهۆی مانەوەی پاشماوەی خۆراك لە دەم و لە نێوان ددانەكان یان بەكتریای سەر زمان دروست ببێت، یان جگەرەكێشان و خواردنی پیاز و سیر.

ئەوەی گرنگە زۆرینەی حاڵەتەكانی بۆنی ناخۆشی دەم كاتییە و مایەی چارەسەركردنە، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا رەنگە نیشانەی نەخۆشی مەترسیدار بێت، وەك لە نەخۆشی شەكرە، بە گشتی بۆنی ناخۆشی دەم بەهۆی گرنگینەدانە بە پاكوخاوێنیی دەم، كە بەكتریای زیانبەخش لە دەم كۆ دەبێتەوە و بۆنێكی ناخۆشی وەك كبریت یان هێلكەی تێكچوو دروست دەبێت، بۆیە چارەسەری بریتییە لە پاكڕاگرتنی دەم و شووشتنی ددان و نەهێشتنی پاشماوەی خۆراك و لابردنی رۆژانەی بەكتریای سەر رووی زمان لە رێگەی كڕاندنەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل