لە عێراق ئەفسەرێكی سەربازی لە شوێنێكی لەشفرۆشی گیرا

:: PM:01:58:29/11/2023 ‌
دوای ئەوەی دوێنێ سێشەم لە سۆشیال میدیای عێراقدا، ڤیدیۆی ئەفسەرێك لە شوێنێكی لەشفرۆشی دەگیرێ بڵاو كرایەوە، گوایە یەكێكە لە ئەفسەرانی لیواكانی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق، بەڵام دەستەی راوێژكاری سەربازیی سەرۆكایەتیی كۆمار ئەو هەواڵەی بەدرۆ خستەوە، گوتی ئەو كەسە هیچ پێوەندیی بەوانەوە نییە.

دەستەی راوێژكاری سەربازیی سەرۆك كۆمار لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوە داوە، ئەو هەواڵەی گوایە ئەو ئەفسەرە سەربە دوو لیواكەی سەرۆك كۆمارە، دوورە لە راستی و ئەو كەسە ناسنامەی ساختەی پێ بووە، هیچ پێوەندیی بە هێزەكانی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراقەوە نییە.

لە ڕوونكردنەوەی دەستەی راوێژكاری سەربازیی سەرۆك كۆماردا هاتووە: لە كاتێكدا تووشی سەرسوڕمان بووین لە شێوازی لكاندنی ناوی ئەم كەسە بە یەكێك لە دوو لیوای سەرۆكایەتیی كۆمارەوە، لە هەمان كاتدا دووپات دەكەینەوە لەسەر پێویستیی پشتڕاستكردنەوەی راست و دروستیی هەواڵەكان، لە سەرچاوە باوەڕپێكراوەكانیانەوە پێش بڵاوكردنەوەیان، پابەندبوون بە پێودانگە پیشەییەكان و راستگۆیی لە گواستنەوەی هەواڵەكاندا”

دوێنێ دیمەنی ڤیدیۆیی كەسێك بەناوی "محەمەد مستەفا" بڵاو كرایەوە كە لەلایەن هێزە تەناهییەكانی بەغداوە دەگیرێت، ڕاگەیەنرا كە گیراوەكە لە شوێنێكی لەشفرۆشی بووە و لە كاتی گرتنیدا ناسنامە سەربازییەكەی پێ بووە.



وشە - سۆران عەزیز