چۆن هەنگوینی باش و خراپ لە یەكتر جیا دەكرێتەوە؟

:: PM:06:41:29/11/2023 ‌

 

 جیاكردنەوەی هەنگوینی باش و خراپ "ئەسڵی و عادی" كێشەی گەورەی ئەو كەسانەیە كە ئارەزووی خواردنی هەنگوین دەكەن، لە بازاڕدا چەندان جۆری هەنگوین هەیە و هەموو فرۆشیارێك و هەنگەوانێكیش هەنگوینەكەی خۆی بە جۆری زۆرباش دەنرخێنێ، ئەو هەنگوینەی بەشێكی شەكری تێكرابێ سوودەكانی هەنگوین نادات، جگە لە پشكنینی تاقیگەیی چەندان ڕێگە پێشنیاركراون كە دەتوانین بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامیان بدەین لەوانە:

1. دڵۆپێك لە هەنگوینەكە لەسەر شوێنێكی جەستە كە برین بێت دابنێ، ئەگەر هەستت بە ئازار كرد ئەوا هەنگوینەكە "عادی"یە بەپێچەوانەوە ئەگەر هەستت بە ئارامی كرد ئەوا هەنگوینێكی ئەسڵە.

 2. بۆ ماوەی 24 سەعات هەندێك هەنگوین لەناو بەفرگر دابنێ، ئەگەر وەك خۆی مایەوە و نەیبەستا ئەوا هەنگوینێكی ئەسڵە و بەپێچەوانەوە عادییە و كوالێتیی خراپە.
 
3. هەندێك هەنگوین لەناو كەوچكێك بخە سەر ئاگر بۆ ماوەی 15 خولەك ئەگەر دەنگ و بۆنی سووتان هەبوو ئەوە شەكری تیایە و شەكرەكەیە دەسووتێ، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئاسایی بوو و شل بووەوە ئەوا ئەسڵە و بێ كێشەیە.
 
4. هەندێك هەنگوین بخە ناو پەرداغێك ئاوی گەرم، ئەگەر راستەوخۆ لە ناو ئاوەكەدا تواوە ئەوا عادییە و شەكری تێكراوە، بەڵام ئەگەر كەوتە بنەوەی پەرداغەكە ئەوا ئەسڵە و سروشتییە.

 5. هەندێك هەنگوین دەخەیتە سەر پەنجەت، ئەگەر هەنگوینەكە بڵاوبووەوە و كەوتە خوارەوە ئەوا شەكری تیایە و ئەسڵ نییە، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەسڵ بێت لەسەر پەنجەت دەمێنێتەوە و بڵاونابێتەوە.

 هەنگوین وەك خواردنێكی خۆش و بەسوود بۆ تەندروستیی مرۆڤ و چارەسەر بۆ زۆر نەخۆشی خواستێكی زۆری لەسەرە، ئەمساڵ لە كوردستان جگە لەوەی تۆنێك هەنگوین بە بازاڕە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق فرۆشراوە، هەروەها ئەمڕۆ چوارشەم 29ی تشرینی دووەم، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەمەچەشنكردنی ئابووری و پاڵپشتیكردنی جووتیاران و بەهێزكردنی كەرتی تایبەت، دوو تۆن هەنگوینی كوالیتی بەرزی كوردستان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە گەیشتە قەتەڕ.

 



وشە - رزگار خدر