خەریكە وەرزی سەرما و زستان دەست پێ دەكات، ئەو كەشوهەوایەش بە هاوشێوەی گەرمای هاوین كاریگەریی دیاریكراوی خۆی لەسەر
تەندروستی مرۆڤ هەیە، بۆیە پێویست دەكات بۆ خۆپاراستن لێیان مرۆڤ رێوشوێنی تایبەت وەربگرێت، چونكە هەندێكیان مەترسیدارن، لەو حاڵەتانەش:
1-سەرمابردوویی و سڕبوون و گەستنی بەستن، كاتێك بەهۆی كەشوهەوای زۆر ساردەوە لووت و گوێ و روومەت و چەناگە و پەنجەكانی دەست و پێیەكان سڕ دەبن و دەیانبەستێت، بەتایبەتی ئەو حاڵەتە لە پلەی گەرمای ژێر سفر دروست دەبێت، كە جگە لە سڕبوون و گۆڕانی رەنگی پێست بۆ سپی، ئازاریان لەگەڵدا دەبێت و زۆر مانەوەش بەو شێوەیە دەبێتە هۆی لەناوچوونی شانەكانی ئەو ناوچانە و سوورهەڵگەڕان و برین، ئەگەر بەردەوامیش بێت دەبێتە هۆی گانگرین.
2-جەڵتە و مەیینی خوێن، پێویستە پلەی گەرمی لەش لە 37.5 پارێزراو بێت، ئەوكات خانە و شانە و ئەندامەكانی لە مەترسی پارێزراو دەبن، بەڵام كاتێك هەست بە سەرما دەكەین، خوێن خەست دەبێت و بەلای مەیین دەچێت و ئەگەری روودانی جەڵتەی مێشك و دڵ هەیە، بۆیە پێویستە گرنگی بە پلەی گەرمی ماڵ و ژوور و هێشتنەوەی لە سەرووی 18 پلەی سەتی بدرێت، جیا لە جووڵانەوە بۆ رێگرتن لە مەیینی خوێن.
3-كێشەی هەناسەدان، لە وەرزی سەرمادا پەنجەرەكان دادەخەین، رەنگە هەندێك جار بە تایبەتی شەوان كاتێك لە ژێر پێخەڤداین پەنجەرە بۆ هەواگۆڕكێ بكرێتەوە، ئەوەش مەترسیدارە، چونكە هەڵمژینی هەوای سارد كێشە بۆ تەندروستی دروست دەكات، مەترسیی تووشبوون بە هەوكردنی سینگ و سییەكان و بۆرییەكانی هەناسەدان زیاتر دەكات.
4-دابەزینی ئاستی بەرگریی لەش، هەستكردنی بە سەرما كار لە توانای لەش بۆ بەرگریكردن لە خۆی بەرانبەر بە میكرۆبەكان دەكات، بۆیەش لە وەرزی سەرمادا مردن بەهۆی هەوكردنی سییەكان زیاد دەكات.
5-پشتئێشە، لە وەرزی سەرمادا مرۆڤ زیاتر هەست بە پشتئێشە دەكات، ئەوەش پێوەستە بە پاڵەپەستۆی هەوا و پلەی گەرمی دەرەوە، كە ئەوانە ئازار لە جومگەكانی تووشبووی هەوكردن دروست دەكەن، لەوانەش لە بڕبڕەكانی پشت، جیا لەوەی جومگەكان بەهۆی سەرماوە رەقتر دەبن.