ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

:: PM:08:10:29/11/2023 ‌
لە هەواڵێکی بەپەلەدا ئەمەریکا ڕای گەیاند، سزایەکی نوێیان بەسەر 20 کەس، کۆمپانیا و لایەنی ترا سەپاندووە کە بەشدارن لە ئاسانکاری بۆ پارەدارکردنی سوپا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە.

سزاکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا هەموو ئەو لایەنانە دەگرێتەوە کە بەشدارن لە کڕین و فرۆشتن بە نەوتی ئێرانەوە و ئاسانکاری دەکەن بۆ ئەوەی سوپا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران پارەدار بکرێن.

ئاژانسی جیهانی ''ئەسیۆشەیتد پرێس'' ڕای گەیاندووە، کە لە هۆنکۆنگەوە تا دوبەی، هەموو ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی گرتووەتەوە کە کاریان بۆ بەبازاڕکردنی نەوتی ئێران کردووە. 

لە درێژەی هەواڵەکەدا هاتووە کە پاکێجی سزاکانی ئەم جارەی ئەمەریکا هەریەکە لە فەرمانبەران، دەڵاڵەکان و ئەو مامەڵەکارانە دەگرێتەوە کە دەستیان لەگەڵ کۆمپانیای ''سیپێهر ئینێرجی''ی ئێرانی تێکەڵ کردووە، کە پێشتر کۆمپانیاکە لە لیستی سزادراوانی ئەمەریکادا بووە.

بە گوێرەی بەیاننامەکەی ئەمشەوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، ئەو کۆمپانیا ئێرانییە سەرچاوەی داراییە بۆ ئەو لایەنانەی کە بوونەتە هۆی ئاشووب و بەڵا لە ناوچەکە، کە ئەوانیش هەریەکە لە سوپای ئێران و میلیشیاکانی وەک حەماس و حزبوڵا دەگرێتەوە.

بەهۆی ئەم سزایەوە ڕێگەی ئەمەریکا لەو بازرگانانە دادەخرێت کە مامەڵەیان لەگەڵ کۆمپانیا سزادراوەکەی ئێراندا کردبوو. 


وشە - ئارا هێمن