چۆن بە رێگەیەكی ئاسان لە نەخۆشی شەكرە پارێزراو دەبیت؟

:: PM:08:11:29/11/2023 ‌

نەخۆشی شەكرە بە هەموو جۆرەكانییەوە، لە نەخۆشییە درێژخایەن و مەترسیدارەكانە ئەگەر كۆنترۆڵ نەكرێت، بۆیە پێویستە ئەوانەی تووشی هاتوونەتەوە، خۆیان لە كاریگەرییەكانی بپارێزن و كۆنترۆڵی بكەن، ئەوانەشی تووشی نەبوونە خۆیانی لێ بپارێزن، توێژینەوەیەك ریگەیەكی كردەنی و ئاسان بۆ خۆپاراستن لێی دیاری دەكات.

توێژینەوەیەك كە لە كۆوارێكی پزیشكیی وەرزشیی بەریتانی بڵاو كراوەتەوە، ئاماژە دەكات كە رۆیشتنی خێرا و بە هەنگاوی فرەوان، مەترسیی تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە تا ئاستێكی باش كەم دەكاتەوە، باسی ئەوە دەكات كە ئەو كەسانەی بە خێرایی زیاتر لە سێ كیلۆمەتر لە سعاتێكدا رۆیشتوون، بەگشتی كەمتر تووشی نەخۆشییەكە بوونە، ئەوانەشی بە خێرایی زیاتر لە شەش كیلۆمەتر لە سعاتێك رۆیشتوون، مەترسیی تووشبوونیان بە رێژەی 39% كەمتر بووەتەوە.

توێژەران بۆیان دەركەوت بە بەراوردكردن بە رۆیشتن بە خێرایی كەمتر لە سێ كیلۆمەتر لە سعاتێكدا، خێرا رۆیشتنی ناوەند و ئاسایی لە سێ بۆ پێنج كیلۆمەتر لە سعاتێك، بووەتە هۆی كەمكردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە بە رێژەی 15%، بە بێ رەچاوكردنی ئەو كاتەی رۆیشتنەكەی دەیخایەنێت.

هەروەها بەهۆی رۆیشتنی خێرا لە نێوان پێنج بۆ شەش كیلۆمەتر لە سعاتێكدا، مەترسیی تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە بە رێژەی 24% كەمی كردووە، بۆیە توێژەران سەرنج دەخەنە سەر گرنگیی زیادكردنی كاتی رۆیشتن و خێراییەكەی، ددانیشیان بەوە دانا كە ئەوانەی خۆیان رۆیشتنیان خێرایە، خاوەن توانایەكی زیاتری لەشن و بارستەی ماسولكەییان گەورەتر و تەندروستیان باشترە، جیا لە باشتربوونی توانای دڵ و سییەكان و لەدەستدانی كێش، كە ئەوەشیان هەستیاریی لەش بۆ ئەنسۆلین باشتر دەكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل