"بەغدا نوقمی گەندەڵی بووە و گەلی عێراق خۆیان بۆ سعاتی سفر ئامادە كردووە"

:: PM:09:18:29/11/2023 ‌

رێبوار تاڵەبانی، راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی تایبەت، باس لەوە دەكا كە بەغدا نوقمی گەندەڵی بووە و چەندان ملیار دۆلار بە گەندەڵی دزراوە، بەڵام هاتووە لەبارەی داهاتەوە لێپرسینەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات، دووپاتی كردەوە كە گەلی عێراق خۆیان بۆ سعاتی سفر ئامادە كردووە.

* لە رووی پێشكەوتن و گەشەسەندنەوە چۆن بەراورد لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دەكەن؟

راستییەكەی نابێت پێشكەوتن و گەشەسەندن و خۆشی و خۆشگوزەرانی و ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بەراورد بە شارەكانی عێراق بكرێت، هەرێم زۆر زۆر لەپێشە و عێراقیش زۆر دواكەوتووە، هەر كەسێك شارەكانی عێراق و شارەكانی هەرێمی بینیبێت، بە چاوی خۆی جیاوازییەكەی بینیوە، كوردستان بەهۆی سەقامگیرییەوە پێشكەوتووە، سەرمایەدار و وەبەرهێنەران كاركردنیان لە شارەكانی هەرێم پێ باشتر بووە و نەڕۆیشتوون بۆ شارەكانی عێراق، بۆیە كەرتی وەبەرهێنان لە هەرێم زۆر لە عێراق پێشكەوتووترە.

*عێراق ساڵانە خاوەنی بودجەیەكی زەبەلاحە، كە سەرو 100 ملیار دۆلارە، كەچی تا ئێستە نەتوانراوە پارەكە لە خزمەت گەلی عێراق بەكار بهێنرێت، بۆچی؟

عێراق نوقمی گەندەڵی بووە و لەسەر ئاستی دنیا لە ریزبەندی گەندەڵترین شەشەمە، ئەمەش مانای وایە كە ئەوەندەی فریای گەندەڵی و دزی كەوتوون، فریای خزمەت نەكەوتوون، هەركەسە و هاتووە گیرفانی خۆی پڕ كردووە و رۆیشتووە، بۆیە رێژەی گەندەڵی لە عێراق لە دوای 2003 لە تریلیۆنێك دۆلار نزیك بووەتەوە، راستە عێراق وڵاتی پارە و داهاتە، بەڵام كوا و چی بۆ خەڵك و ناوچەكانی لە رووی پێشكەوتن و گەشەسەندنەوە كراوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە سیاسییەكان فاشیل بوون و نەیانتوانیوە ئیدارەیەكی باشی عێراقی پێ بكەن.

*بۆچی ئەو پێشكەوتنەی لە هەرێم بەدی دەكرێت لە عێراق نییە؟

هەرێم گرنگی زۆری بە وەبەرهێنان داوە و دەیان و سەتان كۆمپانیا و سەرمایەداری بیانی لە هەرێم كاری وەبەرهێنان دەكەن، وەبەرهێنەر دەچێتە ناوچەیەك ئارام بێت و گرفتی بۆ دروست نەبێت، ئەوەش لە هەرێم هەیە نەك لە عێراق و شارەكانی، كە بوونەتە وێرانە و سەقامگیرییان تیادا نییە و كەس پارێزراو نییە و چەندان گرووپی چەكدار لە ژێر ناوی جیاجیادا هەیە، كە تا ئێستەش دیار نییە ئاخۆ سوودانی دەتوانێت متمانە بۆ وەبەرهێنانی بیانی بگەڕێنێتەوە، كە وەبەرهێنەران بوێری ئەوەیان نییە بچنە شارەكانی عێراق بۆ كاركردن.

*لە دوای 2003 لە عێراق چەند حكوومەتێك گۆڕاوە و هەوڵ هەبووە، بەڵام بۆچی نەتوانراوە كۆتایی بە گەندەڵی بهێنرێت؟

ئەو خۆپێشاندانانەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لە عێراق كران و سەرو هەزار كەس كوژران و دەیان هەزاریش بریندار بوون، پێشانی دەدەن كە سیستمی سیاسی لە عێراق لای گەلەكەی كۆتایی هاتووە، چونكە ئەوەی كراوە لە گەندەڵی زیاتر هیچی تر نەبووە، ئێستەش لە عێراق بینایەیەك نییە لە بینا بچێت و زۆری لە قوڕ و خشتی كۆن دروست كراوە، بۆیە بەهۆی گەندەڵی و دزییەوە عێراق وڵاتێكی دواكەوتووە، لە عێراق شتێك نەماوە بە ناوی سەروەری، چونكە خۆی فەرمانڕەوایەتیی خۆی ناكات، ئەوە روونە و هەموو عێراقییەكانیش ئەوە دەزانن كە دەسەڵات و بڕیار لە دەستی كێدایە.

*سەرەڕای هەموو نەهامەتییەكان و روونیی كێشە و هۆكارەكان، گەلی عێراق بۆ ئەوە قبووڵ دەكەن؟

قبووڵی ناكەن، بەڵام لە دوای خۆپێشاندانەكانی 2019، كە هەزاران كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە، ئەوان وازیان هێنا، چونكە چەندان میلیشیای بێسەروبەر لە ناوچەكە هەن و هەڵدەسووڕێنرێن و ئەوانە فەرمانڕەوایەتی دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئۆپۆزسیۆنێكی زۆر لە عێراق دروست بووە و بە ئاشكرا خۆیان نیشان دەدەن و قسە دەكەن و خۆیان بۆ سعاتی سفر ئامادە كردووە، بۆیە ئەو رژێمەی ئێستەی عێراق لەسەر رێككەوتنی ئەمەریكا و ئێران ماوەتەوە، ئەگەرنا دەمێك بوو ئەو سیستمە نەمابوو.

*ئاخۆ ئەو سەركردە عێراقییانە راست دەكەن كە داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا هاوپەیمانان دەكەن؟

نەخێر راست ناكەن، چونكە خۆیان ژێر بە ژێر لەگەڵ ئەمەریكا رێكن، بگرە عێراق رێككەوتنی ستراتیجی لەگەڵ ئەمەریكا هەیە و خۆی داوای مانەوەی ئەمەریكای كردووە، ئەمەریكا بڕوات داعش دەگاتە هەموو شارەكانی عێراق، ئەمەریكاش نایەوێ ئەو ئەزموونەی ئەفغانستان لە عێراق دووبارە بكاتەوە، چونكە زۆر لەسەری دەكەوێ و ئەگەر وەك ئەفغانستان بكشێتەوە، متمانەی لە دنیادا نامێنێت، بۆیە ئەو سیستمەی عێراق چاك دەكات یان دەیگۆڕێت.

*چی لە پشت سیاسەتەكانی عێراق هەیە لەبارەی رەوانەنەكردنی مووچە و برسیكردنی فەرمانبەران و خەڵكی هەرێم؟

ئەوەمان بیر نەچێتەوە كە عێراق وڵاتێكی گەندەڵە، هەروەك چۆن عێراقییەك نازانێت نەوتی بەسڕە چی لێ دێت، نەوتی شوێنەكانی تریش بە هەمان شێوە، خەڵكی عێراق ئاگەداری بودجە و پارە و داهاتی گەورەی عێراق نین، لە هەمانكاتدا هاتوون لەبارەی داهاتەوە لێپرسینەوە لەگەڵ هەرێم دەكەن كە ئەوەش بانێكە و دووهەوایە، بۆیە سیستمەكە ناشەفافە، بەڵام برسیكردنی فەرمانبەران لە هیچ یاسایەكی دنیادا نییە، سەدام حوسێن بەو هەموو دیكتاتۆریەتەی كە هەیبوو ئامادەنەبوو مووچە ببڕێت و دەیگوت نابێت مووچە ببڕیت ئەگەر هاتوو ملیشتی بڕیەوە.

دیمانە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل