مارەبڕینی دوو پیاوی فارس لە یەکتر هەرای نایەوە

:: AM:11:17:05/12/2023 ‌
بەشێک لە فارسەکان لە ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا خەریکی دنیا تایبەتەکەی خۆیانن و بە هیچ شێوەیەک درک بە نەهامەتی و واقیعەکانی کلتوور و کۆمەڵگەی ئێران ناکەن، لەم دواییانەدا رێورەسمێکی گەورە بۆ مارەبڕینی دوو هاوڕەگەزخوازی فارس لە ئەمەریکا رێک خرا و ئەمەش لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەرای نایەوە.

بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی لە رێورەسمەکە بڵاو کراوەتەوە شۆهرێ ئاغداشلوو کە یەکێک لە هونەرمەندە ناسراوەکانی فارس لە ئەمەریکایە، خۆی ئەو دوو پیاوە هاورەگەزخوازە فارسەی لە یەکتر مارە بڕیوە.

رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایەتی لێ کەوتووەتەوە و باس لەوە کراوە کە خەڵکی ئێران لەوپەڕی نەهامەتی و بێدەرەتانیدا دەژین کەچی فارسە ئەمەریکانشینەکان و میدیاکانیان خەریکی بانگەشەکردن بۆ هاورەگەزبازین و وەک ئەوە وایە ئێران هیچ کێشەیەکی نەبێت، جگە لەوەی پەرە بە هاورەگەزبازی بدرێت.

شۆڕشی ژینایان دامرکاند بۆ ئەوەی جارێ پیاوی فارس لە پیاوی فارس مارە بکەن
هاووڵاتییەکی کورد لە کۆمێنتێکدا نووسیویەتی ''فارسەکان هەر خەریکی ئەو بەزمە بوون، بۆیە شۆڕشی ژینایان کرد بە قوربانی و بەم کارە قێزەونەیان شۆڕشی ژینایان دامڕکاند، بۆ ئەوەی جارێ پیاوی فارس لە پیاوی فارس مارە بکەن.''

یەکێکی تر نووسیویەتی کێشەی فارس بۆ کورد لە ئێران هەر ئەوە نییە نەتەوەیەکی فاشیستە و بە ناوی ئێرانچێتی دەیەوێ زمان و کلتووری خۆی بسەپێنێت  و هەمووان بخاتە ژێر رکێفی خۆی، بەڵکوو خەریکە ناشیرینترین بەها رۆژئاواییەکانیش پەرە پێ دەدات لەکاتێکدا گەلانی نیشتەجێی ئێران خاوەنی شارستانیەت و کلتوورێکی زۆر رەسەنن و دەخوازن مافە بنەڕەتییەکانیان دەستەبەر بکەن کە لێیان زەوت کراوە.

 
ئەوەی فارسەکان لە دەرەوەی ئێران دەیکەن سوودەکەی تەنیا بۆ کۆماری ئیسلامییە و خۆراکێکی باشی ئەو رژێمەیە بۆ بانەگەشەکردن و درێژەدانی دەسەڵات.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بەهۆی شۆڕشی ژینا پایەکانی دەسەڵاتی هەڵتەکین و تا لێواری رووخان نزیک کەوتەوە بە هاوکاری فارسە ئەمەریکانشینەکان توانی پشتی خۆی راست بکاتەوە و بە خەڵک بڵێ دوو رێگاتان لەبەردەمدایە یان دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی قبووڵ بکەن یان ئەوەی بۆتان داندراوە بەدڕەوشتی و هاوڕەگەزبازی و بەها ناشیرنەکانی رۆژئاوایە کە لە ئەگەری نەمانی رژێم بە دیاری بۆیان هاوردە دەکرێت.

خەڵکی ئێران بە تایبەتی کورد کە جگە لە ستەمی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کلتووری، ستەمی نەتەوەییشی لێ دەکرێ لە نێوان ئەو دوو بەرداشەدا گیریان خواردووە
پێویستە بگوترێ لە هەندێک وڵاتی رۆژئاوا بە یاسا رێ بە مارەبڕینی هاوڕەگەزخوازەکان دەدرێت، کلتوورێک کە لای ئیسلام و زۆربەی ئایینەکان  قێزەون و قەدەغەکراوە و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ نەریتی کوردەواری و کلتووری زۆربەی گەلان ناگونجێت و بە دیاردەیەکی قێزەون هەژمار دەکرێت.


وشە - سلێمان تاشان