بۆچی بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە ناكات؟

:: PM:05:07:06/12/2023 ‌

بەپێی رێككەوتنێكی پێشتری هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، دەبوو بەغدا مانگانە سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بە قەرز بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكردایە، بەڵام گەیشتنی بڕە پارەكە هەر مانگە و بە پاساوێك دوا كەوتووە، ئەوەش وای كردووە كە ئەو پرسیارە لە مێشكی خەڵكەكە دروست ببێت ئاخۆ بۆچی بەغدا ئەو پارە، كە بە قەرزیشە، رەوانە ناكات؟

ئازاد مستەفا، پسپۆڕی كارگێڕی و دارایی بە"وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی رابردوودا، بەپێی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێمی كوردستان كرا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندیی دا لەسەر ناردنی سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری وەك قەرز بۆ مانگەكانی (9 و 10 و 11)، بەڵام بەهۆی پەرۆشیی حكوومەتی هەرێم، بڕیاری دا پارەكە بۆ مووچەی مانگەكانی (7 و 8 و 9) خەرج بكرێت.

زیاتر گوتی، كاتێك دوو لایەن لەسەر بابەتێك رێك دەكەون، دەبێت پابەندبوونی تەواوی پێوە بكرێت، بەڵام هەر مانگە و لە كاتی ناردنی قەرزەكە، حكوومەتی عێراق، بە تایبەتی وەزیری دارایی، كە ئافرەتێكە و كەس نازانێت چۆن دانراوە؟، چەند بەهانەیەكی كردووەتە پاساوی زیاتر دواخستن و نەناردنی ئەو پارە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا.

ئەو پسپۆڕە روونی كردەوە، جارێك داوای حیساباتی خیتامی و جارێك وردبینیی ناوی مووچەخۆران و جارێكیش بوونی كەموكورتی لە لیستی مووچە و داهاتی ناوخۆیی و هیتریش دەكات، ئەوانە هەمووی بێ بنەمان و ناكرێ چیتر بەو شێوازە درێژە بە سیاسەتی برسیكردنی خەڵكی كوردستان بدرێت.

"ئێستە هیچ پاساو و گەمانێك بۆ حكومەتی عێراق نەماوەتەوە ، چونكە چەندان راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەسەر ژمارەی مووچەخۆران و داهات و ئەوەی پێویست بووبێت لەبەر دەستی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزارەتی داراییە، لە عێراق دابەشكردنی مووچەی مانگی 12 دەستی پێ كردووە، كەچی لە هەرێم مووچەی سێ هەفتەی ئەمساڵ ماوە، بە گشتی هێشتا چوار مووچە نەدراوە"، ئازاد مستەفا، پسپۆڕی كارگێڕی و دارایی وای گوت.

لای خۆیەوە كاوە عزەدین، شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی و پێوەندییە دیپلۆماسییەكان بۆ "وشە" ئەوەی خستە روو، ئێران لە رێگەی بەكارهێنانی پرسی مووچە و قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستان و بە هاوكاریی چەند لایەنێكی سیاسی ناوخۆیی، زیاتر كار بۆ برسیكردن و توندكردنەوەی گوشارەكان لەسەر گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.

دووپاتی كردەوە، پێویستە لێرە بەدواوە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، هەوڵەكانیان بۆ وەلانانی ناكۆكییەكانیان زیاتر بكەن، بە یەكدەنگ و رەنگ لەگەڵ كۆنسڵگە و لایەنە دیپلۆماسییەكانی ئێران لە عێراق و هەرێم كۆ ببنەوە و راستییەكانیان بۆ  بخەنە روو.

ئەو شارەزایە سیاسییە باسی لەوەش كرد كە ئێران لە رێی سەركردە شیعەكان و گرووپەكانی حەشدی شەعبییەوە، یارییەكی مەترسیدار لەگەڵ گەل و حكوومەتی هەرێم دەكات، لە پێناوی چوونە ژێر باری داواكارییەكانیان، بۆیە دۆخەكە بە جۆرێكە كە پێویستیی بە دایالۆگێكی بنیاتنەرانە هەیە، ئەوەش لە پێناو چارەسەركردنی پرسە ئابوورییەكان و ناردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم.

شایەنی باسە لە دوای پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی محەمەد شیاع سودانی، چاوەڕێ دەكرا دۆخی ژیانی هاووڵاتییانی كوردستان باشتر بێت، بەڵام لە لایەك ناكۆكییە ناوخۆییەكان و لە لایەكی تر گوشارەكانی ئێران و كارە خراپەكانی هەندێك لایەنی ناوخۆیی، كێشەی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروست كردووە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل