هەرێمی كوردستان چۆن دەتوانێت رووبەڕووی ستەمەكانی بەغدا ببێتەوە؟

:: PM:11:00:06/12/2023 ‌

لە سایەی ئەو سیاسەتە ستەمكارییەی ئێستەی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان، رەنگە هاووڵاتییانی كوردستان بپرسن، ئاخۆ بۆچی بەغدا بە بەردەوام ستەم لە هەرێمی كوردستان دەكات؟، ئەی بۆچی بە درێژایی مێژوو عێراق نیازی بەرانبەر بە كورد باشە نەبووە؟، سیاسەتوان و توێژەران ئاماژە دەكەن بەغدا بە هەنگاو و بە پلانی وڵاتێكی دراوسێ دەیەوێ دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان لاواز بكات.

ئازاد ئەكرەم، سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی میلەت لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بەغدا بە هەموو جۆرێك ستەم لە هەرێمی كوردستان و مووچەخۆرانی دەكات، ئەمەش روون و ئاشكرایە، ئەگەر هەرێمی كوردستان لە سەرەتاوە پشتی بە ئابووریی خۆی ببەستایە و هەموو كەرتەكانی پەرە پێ بدایە، ئێستە لە رووی ئابوورییەوە بەهێز و كاریگەر دەبوو، بەغداش نەیدەتوانی ئاوا ستەمی لێ بكا و یاری بە هەستی هاووڵاتییانی بكات.

ئاماژەی كرد، بۆیە دەبێت لەمە بە دواوە هەرێمی كوردستان كار لەسەر بەرەوپێشبردنی كەرتە جۆراوجۆرەكانی ئابوورییەكەی بكات، بۆ ئەوەی بەغدا چیتر نەتوانێت ستەم بكات و قووتی هاووڵاتییانی ببڕێت.

هەر لەوبارەوە حامید گەوهەری، نووسەر و توێژەر بە "وشە"ی گوت، پڕۆژەی عێراق بریتییە لە كۆكردنەوەی هەموو دەستەڵاتەكان لە بەغدا، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵی گەڕاندنەوەی هەرێم بۆ سەر بەغدا دەدات، كە وەك پارێزگەكانی تری عێراق خۆی كوردستان بەڕێوە ببات، واتە باوەڕیان بە فیدراڵییەتی كوردستان نییە.

زیاتر گوتی، عەرەب و عێراق ناتوانن بەهۆی هەلومەرجی دنیا و خۆڕاگریی كورد، بە شەڕ و چەك بەو ئامانجەیان بگەن، ئێستە دەیانەوێ بە رێگەی گوشاری نایاسایی خەڵك لە حكوومەتی هەرێم هان و ناڕازی بكەن، بۆ نموونە رۆیشتنی نەوتی كوردستان دەوەستێنن، مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان دەبڕن و شایستە داراییەكانی كوردستان نادەن، رێگە بۆ سەرمایەدارانی كوردستان خۆش دەكەن كە كۆمپانیاكانیان بگوازنەوە بۆ بەغدا و شارە عەرەبییەكان، دەسەڵاتی دادگەی بە ناو فیدراڵییان خستووەتە دەست خۆیان، كە دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێم بوەستێتەوە و دەیان كاری دزێوی تر كە زیان بە كوردستان بگەیەنێت.

دووپاتی كردەوە، بەغدا دەیەوێت بە هەنگاو بە پلانی ئێران دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بەرتەسك و لاواز بكاتەوە، بۆیە وەڵامی كورد بۆ بەغدا، یەكگرتنی هێزە كوردییەكانە كە بە راستگۆیی و تەباییەوە بۆ مافی فیدراڵیی كوردستان و مووچە و مافە دەستورییەكانی كوردستان پشتی حكوومەتی هەرێم بگرن، تا بتوانن بە مافەكانی هەرێم بگەن.

شایەنی باسە چەند مانگێكە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا لەسەر سكاڵای حكومەتی عێراق وەستاوە، هاوكات عێراق ئامادە نییە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و مووچەخۆرانی هەرێم بە پێی رێككەوتنەكان و یاسای بودجەی عێراق بنێرێت، ئەوەش نیشانەی پرسیاری دروست كردووە، ئاخۆ هاوكاتیی ئەو هەنگاوانە چ مانایەكی هەیە؟، زۆرینەی شارەزایان پێیان وایە ئەوەی روو دەدات بە مەبەستە.

ئەمڕۆ چوارشەم شێروان حەیدەری، وەزیری پێشووی دادی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە ئەوەی عێراق بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان دەیكات، لە مێژوودا وێنەی نەبووە و هیچ یاسا و دەستوورێك رێگە بەوە نادات، گوزەرانی خەڵك ببڕدرێت و وەك سزا بەكار بهێنرێت‌.

دووپاتی كردەوە كە مافی كوردستان لە بودجەدا جێگیر كراوە و خێر بە هەرێمی كوردستان ناكرێت، بۆیە رۆژ بە رۆژ بەغدا زیاتر دژایەتیی كوردستان دەكات، هەر رۆژە و بڕیارێك دەدرێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكانی قەوارەی هەرێم كەم بكرێنەوە.

حەیدەری باسی لەوەش كرد، ساڵێك تێپەر بوو و بەغدا بەردەوامە لە سیاسەتی دژایەتی و پابەندیی هیچ رێككەوتنێك نابێت، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بێنە سەر هێل، بە تایبەت نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەو پرسە یەكلا بكەنەوە و گوشار لە بەغدا بكرێت و چیتر سیاسەتی برسیكردن دژ بە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بەكار نەهێنن.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل