وەزیرەكەی سەدر: چیتر بێ دەنگ نابین

:: PM:10:20:08/12/2023 ‌
محەمەد ساڵح عێراقی كە بە وەزیری سەدر ناسراوە، رەتی كردەوە كە هێرشە مووشەكییەكەی كرایە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا لەلایەن ئەوانەوە ئەنجام درابێت، دووپاتیشی كردەوە: ئەگەر ئێمە باین بە شەرەفەوە رامان دەگەیاند ئێمەین. 

ئەمشەو هەینی هەشتی كانوونی یەكەمی 2023، محەمەد ساڵح عێراقی كە بە كەسی نزیكی سەدر و وەزیری سەدر ناسراوە لە بڵاوكراوەیەكدا رای گەیاند، پاراستنی باڵوێزخانەكان لە ئەستۆی حكوومەتە ئەگەر بوونی هەبێت. 

لە درێژەی بڵاوكراوەكەیدا ئاماژەی داوە، ئەگەر رەوتی سەدر باڵوێزخانە خۆشەویستەكەتانی بكردایە ئامانج، بە شەرەفەوە رای دەگەیاند.

وەزیری سەدر لەبارەی هێرشە مووشەكییەكانی رۆژانە دەكرێتە سەر پێگە و بنكە سەربازییە ئەمەریكییەكان رای گەیاند، ئەمە جەنگێكی گەندەڵكارانەی بانگەشەی هەڵبژاردنی گەندەڵەكارەكانە. 

لە كۆتایی بڵاوكراوەكەیدا وەزیرەكەی سەدر هۆشداری داوە و نووسیوویەتی "بێ دەنگیمان بەردەوام نابێت" ئەگەر بگەڕێنەوە سەر درۆ و دووڕوویی.


"بێدەنگیمان گەندەڵكارانی تۆقاندووە" وەزیرەكەی سەدر بەم هاشتاگە كۆتایی بە بڵاوكراوەكەی خۆی هێناوە. 

ئەمڕۆ لە زنجیرە هێرشێكی یەك بەدوای یەكدا باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و بارەگای دەزگای نیشتمانی عێراق و باڵەخانەیەكی مەدەنی لە هەولێر كرانە ئامانج و هیچ زیانێكی گیانی لە ئەنجامی هێرشەكان نەكەوتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود