شارەوانیی سلێمانی خانوو لەسەر كەسی سەڵت تاپۆ ناكات

:: AM:09:07:10/12/2023 ‌
لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانییەوە، ١٦ مەرج دیاری كراون بۆ تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكان و هەركەسێك مەرجەكانی تێدا نەبێت، خانووەكەی بۆ تاپۆ ناكرێت، راشی دەگەیەنن مەرج نییە هەركەسێك ناوی لە پەیجی شارەوانی بڵاو كرایەوە ، خانووەكەی بۆ تاپۆ بكرێت‌.

سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەنراوێكیدا ئاماژە بەوە دەكات، ١٦ مەرج دیاری كراون بۆ تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكان، هەركەسێك مەرجەكانی تێدا نەبێت خانووەكەی بۆ تاپۆ ناكرێت، بەگوێرەی یەكێك لە مەرجەكانیش، پێویستە ئەوەی داواكارییەكەی داوە خێزاندار بێت، ئەگەر سەڵت بێت خانووەكەی بۆ تاپۆ ناكرێت، چونكە سەڵت كێشەی نیشتەجێبوونی نییە.

سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی پەیامێكی لە ژێر ناوی (هۆشیاری یاسایی) بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت:” پاش بڵاوكردنەوەی ناوی سەتان هاووڵاتی كە داواكارییەكانیان بە ئەنجام گەیشتوون و لەلایەن لیژنەی باڵاوە بڕیاریان لێ دراوە، هەندێك لە هاووڵاتییان گلەیی ئەوە دەكەن كە بەشێكی داواكارییەكان رەت كراونەتەوە و بۆیان تاپۆ ناكرێ.

سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئەوەشی راگەیاندووە: مەرج نییە هەركەسێك داواكاری بۆ تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكەی پێشكەش كردبێت، مافی تاپۆكردنی هەبێت و خانووەكەی بۆ تاپۆ بكرێت، بەڵكو تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكان بەپێی یاسای (ژمارە 3ی ساڵی 2019) هەمواركراو بە یاسای (ژمارە 7ی ساڵی 2021) لەگەڵ رێنوێنیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار (ژمارە 3ی ساڵی 2021) كۆمەڵێك مەرجی هەیە كە پێویستە هەمو ئەو مەرجانەی تێدا بێت تا خانووە زیادەڕۆكە تاپۆ بكرێت.



وشە - سۆران عەزیز