كەشتییەكی جەنگیی فڕەنسا دوو درۆنی حووسییەكان تێكدەشكێنێت

:: AM:09:14:10/12/2023 ‌
لە تۆڵەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزەی فەلەستینی، حووسییەكانی یەمەن دیسان بە دوو درۆن هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی هاوپەیمانان لە دەریای سوور، لەلایەن كەشتییەكی جەنگیی فڕەنسییەوە تێكدەشكێنرێن.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 10ی كانوونی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، درەنگانی شەوی رابردوو كەشتییەكی جەنگیی فڕەنسی، دوو درۆنی حووسییەكانی تێكشكاند كە لە ئاسمانی دەریای سوور دەسووڕانەوە و ویستوویانە هێرش بكەنە سەر هێزەكانی هاوپەیمانان لە دەریاكە.

دەستەی ئەركانی سووپای فڕەنسا سەربەیانیی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە، كەشتیی جەنگیی "لانگدۆك"، توانی دوو درۆن تێكبشكێنێت كە حووسییەكان لە یەمەنەوە بەئاراستەی دەریای سوور ئاراستەیان كردبوون و هەڕەشە بوون بۆ سەر هێزەكانمان.

میلیشیاكانی حووسی دوێنێ شەموویش لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، هەموو ئەو كەشتییانەی دەیانەوێ روو لە ئیسرائیل بكەن، قەدەغە كراون، هاوكات هەڕەشەی ئەوەشی كردووە ئەو كەشتییانەی هاریكاری لەگەڵ ئیسرائیل دەكەن، بەهەمانشێوە دەبنە ئامانجی هێزەكانمان.

گوتەبێژێك بەناوی حووسییەكان گوتی، دوای ئەوەی كەشتییەكانی ئیسرائیلیمان لە ئاوەكانی بەحرێن و دەریای عەرەبی قەدەغە كرد كە لە تۆڵەی ئەو هێرشانەیە دەكرێنە سەر غەزە، هاوكات بڕیار دراوە هەر كەشتییەك روو لە ئیسرائیل بكات جا سەربە هەر وڵاتێك بێت، دەبێتە ئامانجی هێزەكانمان.

پێویستە بگوترێ 63 رۆژە جەنگە و لەو ماوەیەدا تەنیا پێنج رۆژ ئاگربەست رووی داوە. لەوەتەی حەوتی مانگی تشرینی یەكەمەوە كە جەنگ دەستی پێ كردووە، سەرووی 17 هەزار و 500 كەس كوژراون، سەرووی 35 هەزار كەس بریندار بوون و ملیۆنێك و 800 هەزاری تر ئاوارە بوون.

شەفەق نیوز



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د