هاووڵاتییەكی تورك بەبڕی 45 ملیۆن یۆرۆ فێڵی لە خەزێنەی ئەڵمانیا كردووە

:: AM:11:52:10/12/2023 ‌
هاووڵاتییەكی تورك كە ناوی ئۆرهان ئونال /44 ساڵ/ـە، لە ئەڵمانیادا بە دانانی كۆمپانیای خەیاڵی بە بڕی 45 ملیۆن یۆرۆ فێڵی لە خەزێنەی ئەڵمانیا كردووە و پۆلیسی ئەو وڵاتەش بەدوایدا دەگەڕێن.

داواكاری كۆماری و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارمشتات بڵاوی كردەوە، لە ساڵی 2002 بەدوای ئەو كەسەدا دەگەڕێن و تا ئێستە نەیانتوانیوە بیگرن، چونكە لە هیچ شوێنێك نابینرێ، لەگەڵ ئەوەی گریمانە دەكرێت ئونال گەڕابێتەوە بۆ توركیا.

ئەو كەسە توركە بەناوی "ئۆرهان ئونال” كە لە شارەكانی فرانكفۆرت، ماننهەیم، دارمشتات و ئۆفەنباچی ئەڵمانیا بە دامەزراندنی كۆمپانیای فەیك و بە فاتوورەی ساختە، 45 ملیۆن یۆرۆی كۆ كردبووەوە، ماوەی دوو ساڵە كە پۆلیسی ئەڵمانیا بەدوایدا دەگەڕێت، بەڵام نایدۆزێتەوە. پۆلیسی ئەڵمانیا پێیان وایە كە ئونال بە پارەكەیەوە هەڵاتووەتەوە بۆ توركیا.

ئونال لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2019، لە 41 ڕووداوی جیاوازدا كۆمپانیای دامەزراندووە و لەسەر ناوی ئەو كەسانەی كە وەك ئامراز بەكاری هێناون، كۆمپانیایان داناوە. لەوێ وەك بەڕێوەبەری گشتی جووڵاوەتەوە و چاودێریی هاتوچۆی حیسابە بانكییەكانی كردوون.



وشە - سۆران عەزیز