"رۆژانە 200 نەخۆش بۆ شوشتنی گورچیلە سەردانی نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری دەكەن"

:: AM:11:59:10/12/2023 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، ئەمڕۆ یەكشەم لە راگەیەنراوێكیدا ڕەتی كردەوە ئاو لە بەشی شوشتنی گورچیلەی دەستكرد لە نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری نەما بێت. ئاماژەی بەوەش كرد، ڕۆژانە 200 نەخۆش بۆ شوشتنی گوچیلە سەردانی هەردوو بەشی شوشتنی گورچیلەی دەستكرد لە ناو باڵەخانەی نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری و بەشی گورچیلەی دەستكرد دەكەن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر لە ڕوونكردنەوەیەكدا باسی لەوە كرد، دیداری نەخۆشێك لە یەكێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، گوایە لە بەشی شوشتنی گورچیلەی دەستكرد لە نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری كێشەی نەبوونی ئاو هەیە و گرفتی شوشتنی گورچیلەیان  بۆ دروست كردووە، بۆ ڕای گشتی و هاووڵاتییان ڕوونی دەكەینەوە، ئەم نەخۆشە بۆ ماوەی 10 ساڵە كە دانیشتووی كۆیەیە و هەفتانە بۆ ماوەی سێ جار لە سێ ڕۆژدا شوشتنی گورچیلەی بۆ ئەنجام دەدرێت.

ڕۆژانە 200 نەخۆش بۆ شوشتنی گوچیلە سەردانی هەردوو بەشی شوشتنی گورچیلەی دەستكرد لە ناو باڵەخانەی نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری و بەشی گورچیلەی دەستكرد دەكەن. بەپێی ڕێكاری زانستی پزیشكی و لەڕێی ستافی شارەزای ئامێری شوشتنی گورچیلە، كە هەر نەخۆشێك پێویستی بە چوار سەعات هەیە بۆ تەواوی شوشتنی گورچیلەكە.

بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاماژەی بەوەش داوە، زانیاریی ئەو نەخۆشە بە راگەیاندنی داوە دوورە لە ڕاستییەوە، بەڵكو ڕاستییەكە ئەوەیە هاوەڵی ئەو نەخۆشە كە بەبێ پرسی پزیشك و كارمەندانی بەشی گورچیلەی دەستكرد، دەستكاریی ئامێرەكەیان كردووە، ئەمەش بووەتە هۆی تێكدانی سیستمی كاركردنی ئامێری شوشتنەكە، دوای هەوڵدان بۆ خستنەوەی كار و ڕێكخستنەوەی ئامێرەكە، ماوەی زانستی نەخۆشەكە تەواو بووە و نۆرەی نەخۆشی دواتر بووە بۆ شوشتنی گورچیلە.


وشە - سۆران عەزیز