لە کەناراوەکانی بەریتانیا کەلەسەری دایناسۆری ئاوی دۆزرایەوە

:: PM:08:48:10/12/2023 ‌
لە کەناراوەکانی وڵاتی بەریتانیا، لە نزیک ناوچەی ''دۆرست'' لە باشووری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا، دوو مەتر لە ئێسکی دایناسۆری ئاوی، کە پێشی دەوترێت ''پلیۆسۆر'' دۆزرایەوە.

ئەم پارچەیەی لەشی داینەسۆرە ئاوییەکە بریتییە لە کەلەسەری و گەورەترین پارچەیە کە تا ئێستە دۆزرابێتەوە کە درێژییەکەی دوو مەترە، ''پلیۆسۆر'' لە شێوەی دایناسۆرە، بەلام لە دەریادا دەژی و دوو باڵی بچووکی هەیە، بە دۆزینەوەی ئەم  پارچە نوێیە شارەزایان زانیاریی نوێتریان دەست دەکەوێت لەبارەی گیاندارەکە.

ستیڤ ئێچس شارەزا لە بواری لێکۆڵینەوە لە ژیان و ئاسەواری کۆن دەڵێ، ئەم پارچە نوێیەی گیاندارە ئاوییەکە نامۆیە بە بەراورد بە ئەو پارچانەی تر کە لە ماوەی ڕابردوودا دۆزراونەتەوە، ئەوەی کە شارەزاکە پێی سەرسامە برتییە لە ڕێک و پێکیی ئێسکەکە، واتە ئەندامێکی تەواوی دایناسۆری ئاوییان بەدەست کەوتووە کە بریتییە لە سەری، ئەم پارچەیە بە جۆرێک تەواوە، کە هێشتا ئێسکەکانی پێکەوە بەستراونەتەوە و هیچ پارچەیەکی نەشێواوە، ئەمەیش وەک بڵێی هێشتا لە ژیاندا بێت.

کەلەسەرەکە لە بەرنامەیەکی دۆکومێنتاریی تایبەتیی ''دەیڤید ئاتنبۆرۆ'' پەخش دەکرێت، کە بڕیارە لە ڕۆژی سەری ساڵدا لە کەناڵی ''BBC1''ی بەریتانی نمایش بکرێت.

''پلیۆسۆر'' گیاندارێکی دڕندە و خێرا بووە و باڵەکانی بە خێرایی تاوی داوە، هەروەها راوكەرێكی زۆر بەتوانا و توقێنەر بووە.


وشە - ئارا هێمن