پەرلەمانتارێك: دواكەوتنی مووچە لە بەغداوە بۆ نەبوونی پارەی كاش دەگەڕێتەوە

:: PM:09:00:10/12/2023 ‌

لە ماوەی حەوت مانگی رابردوو، بەغدا زیاتر لە سێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی نەناردووە، ئەوەش دوای واژووكردنی رێككەوتنی نەوتی و پەسندكردنی یاسای بودجەی عێراق و پابەندیی تەواوی حكوومەتی هەرێم بە مەرجەكانی بەغدا، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە لە هەوڵی ئەوەدان ئەو دۆخە چارەسەری بكەن و هۆكاری دواكەوتنی ناردنی پارە ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 10ی كانوونی یەكەم، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، گرفتی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە بۆ نەبوونی پارەی كاش دەگەڕێتەوە، روونی كردەوە، هەموو مانگێك پێویست بەوە هەیە كە ئەو پارە كۆ بكرێتەوە و ئەوەش ماوەیەكی پێ دەچێت، بۆیە هەموو جارێك ئەو بڕە پارە لەبەردەستدا نییە و تا كۆ دەكرێتەوە چەند رۆژێكی دەوێت.

زیاتر گوتی، ئەو بڕە پارەی كە بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی دەنێرێت، لە دەرەوەی یاسای بودجە و شایستەكانی هەرێمی كوردستانە، ئەمە لە چوارچێوەی قەرزێكدایە كە دەدرێتە هەرێمی كوردستان، بۆیە ناتوانرێت لە دادگەی فیدراڵی سكاڵا لەوبارەوە تۆمار بكرێت، ئاشكرای كرد، ئەگەر پارەكە لە چوارچێوەی پشكی كورد و یاسای بودجە بوایە، ئەوە دەتوانرا سكاڵا لەسەر دواخستن و نەناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تۆمار بكرێت، واتە ئەگەر شایستەكان بوایە، دەمانتوانی لە رووە یاساییەكەیەوە شتێك بكەین.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، هەندێك گرفت لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە پێویستی بە چارەسەركردن هەیە، بۆیە پێویستە كۆتایی بەو دۆخە بهێنرێت و نێوانی حكوومەتی هەرێم و بەغدا باش بێت و هەردوولا پێكەوە كار بۆ ئەوە بكەن گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ساڵی نوێ نەمێنێت و مانگانە بەپێی یاسای بودجە پشكی هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت.

لەوبارەوە ناسر ئیسماعیل، شارەزای بواری ئابووری بە "وشە"ی گوت، بەغدا لە رووی ئابوورییەوە دۆخێكی خراپی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە، كاتێك هاووڵاتی و فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی سیاسەتەكانی بەغداوە لە رۆژانێكی قورسدان، سەرەڕای ئەوەش مووچە بەغدا دەیدات، ئەگەر دوای بخات، دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی تێدا نییە، بەڵام هیچ هەڵوێستێكیان نییە، یان ئەو پەرلەمانتارانەی عێراق كە خانەنشینن و بە بەردەوام باسی مووچە دەكەن، تا ئێستە بە وشەیەكیش باسی ئەوەیان نەكردووە كە بەغدا ستەم لە فەرمانبەرانی هەرێم دەكات.

پێوەست بەو بابەتە رێبوار كەلاری، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، لە ماوەی چەند مانگی رابردوو دژایەتییەكی زۆری حكوومەتی هەرێم دەكرا، بەڵام لەو چەند مانگەی مووچە لای بەغدایە، هەر ئەوانەی هێرش و دژایەتیی حكوومەتیان دەكرد، بەرانبەر بە بەغدا بێدەنگ و بێهەڵوێستن و هیچ قسەیەكیان نییە و ئامادەنین بەرگری لە ماف و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكەن، ئەوە كاتێك لە ساڵانی پێشتر هەموو هەوڵێكی ئەوانەی دژایەتیی نیشتمانی خۆیان دەكرد، دەیانگوت بەغدا مووچەی راستەوخۆ دەدات، لەوكاتەی مووچە هەر مووچەیە راستەوخۆ بێت یان نا، ئێستەش بەغدا ئامادە نییە بیدات، بگرە هەر نایەوێ مووچە بداتە فەرمانبەرانی هەرێم.

جێگەی باسە، لە ماوەی ساڵانی رابردوو و لە سەردەمی دەسەڵاتی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، زۆر لە هێزە سیاسییە عێراقییەكان بە دوای ئەوەوە بوون كە هەرێمی كوردستان لاواز بكەن و دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێم سنووردار بكەن، بەڵام ئەوەیان بۆ نەچووە سەر و كورد بەردەوام لە بەهێزیدا بووە و پێگەی بەهێزتر بووە، ئەوانیش تیاداچوون و نەماون و پێگەیان نەماوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل