خەڵاتی "فڕەنسی -ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ" دەبەخشرێتە دەستەبژێرێك لە كەسایەتیی و دەزگاكانی چالاك لە بواری مافی مرۆڤ لەسەرتاسەری دنیا، ئەمڕۆیش بە فەرمی لەلایەن باڵوێزخانەی ئەڵمانی و فڕەنسی لە عێراق خەڵاتەكە بەخشرایە دوازدە كەس كە یەكێك لەوان چۆمان هەردی كچی شاعیری كورد ئەحمەد هەردی بوو.
چۆمان هەردی لە واڵی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك لەبارەی خەڵاتەكەوە نووسیوویەتی، سوپاس و پێزانیم بۆئەڵمانیا و فڕەنسا كە خەڵاتی "فڕەنسی - ئەڵمانی بۆمافی مرۆڤ"یان پێ بەخشیم.
لە بڵاوكراوەكەی چۆمان هەردیدا هاتووە، ئەمڕۆ باڵوێزخانەی ئەڵمانی و فڕەنسی لە عێراق ناوی براوەكانی ساڵی 2023ی خەڵاتە هاوبەشەكەیان بۆ مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا، ئاشكرا كرد.
لەبارەی خەڵاتەكەوە چۆمان هەردی روونی كردووەتەوە، ئەم دوو دەوڵەتە بە هاوبەشی و وەك نەریتێكی ساڵانە لە ساڵی 2016ەوە لە رۆژی جیهانی مافی مرۆڤدا خەڵاتی "فڕەنسی ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا" دەبەخشنە دەستەبژێرێك لە كەسایەتی و دەزگاكان لە سەرتاسەری جیهان، كە لە وڵاتەكانی خۆیان بوێرانە و لە بارودۆخێكی سەختدا خەباتیان بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و بەرگری كردن لە مافەكانی و سەروەری یاسا كردووە.
لە بڵاوكراوەكەی چۆمان هەردیدا زیاتر لەبارەی خەڵاتەكە روون كراوەتەوە، ئەم خەڵاتە بە دوو قۆناغدا تێدەپەڕێت. سەرەتا چالاکوان یان ڕێکخراوێک لەسەر ئاستی هەر وڵاتێک دەپاڵێورێت. دواتر ئەم کەسە دەچێتە پێشبڕکێوە لەگەڵ پاڵێوراوانی سەرتاسەری وڵاتانی جیهاندا. لە کۆتاییدا دەستەبژێرێکی براوە خەڵاتەکانیان پێدەبەخشرێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا ھەر یەک لە ژینا ئەمینی، بزوتنەوەی "ژن - ژیان - ئازادی" و نێرگز موحەمەدی، کە دواتر خەڵاتی نۆبلی نێودەوڵەتیی بۆ ئاشتی پێبەخشرا، لە براوەکانی خەڵاتی"فڕەنسی ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ" بوون. ئەمساڵیش چۆمان هەردی یەکێک بوو لەو دوانزە کەسایەتییە جیھانییەی کە براوەی خەڵاتەکەن.
چۆمان هەردی كچی ئەحمەد هەردی شاعیرە، یەكێكە لە نووسەرە دیارەكانی كوردستان و بەرپرسی بەشی جێندەر لە زانكۆی ئەمەریكی سلێمانی.