"رێژەی هەژاری لە شارەكانی عێراق بە بەراورد بە شارەكانی هەرێم زۆر بەرزترە"

:: PM:07:39:11/01/2024 ‌

مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگەی سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا، تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی گرنگی تایبەت بە سەرژمێری و دەڵێت، لە هەموو ئەو سەرژمێرییانەی لە ماوەی رابردوو ئەنجام دراون، دەركەوتووە رێژەی هەژاری لە پارێزگەكانی هەرێم لە خوارەوەی پارێزگەكانی عێراق بووە، واتە رێژەی هەژاری لە عێراق زۆر بەرزترە، دووپاتی دەكاتەوە كە نیوەی كارەكانی ئەنجامدانی سەرژمێرییان تەواو كردووە.

*كارەكانی سەرژمێریی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان بەكوێ گەیشتوون؟

ماوەی ساڵێكە لەگەڵ بانكی ناودەوڵەتی لەكار داین، لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێم بەشێكی كارەكانیشمان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری و زانینی تەواوی ئامارەكانی تایبەت بە ئیشوكاری خەڵك تەواو كردووە، لەوانەش دیاریكردنی رێژەكانی هەژاری و بێكاری.

*هۆكاری چییە ئەو سەرژمێرییە ئەوەندە كاتی دەوێت؟

ئەمە سەرژمێرییەكی تایبەت و چەندان رەهەند و پێچ و پەنای تیادایە، شتێكی هەڕەمەكی نییە هەر ئاوا بەخێرایی بكرێت، بەڵكو تیمی تایبەتی بۆ پێك هێنراوە و زۆر بە وردی كارەكان دەكەین، سەرژمێرییەكە نزیكەی هەزار پەڕەیە كە ئەنجامی دەدەین و هەموو بەشێكی هەر خێزانێكی تیادایە لە وردەكاری و بچووكترین شت تا كۆتایی و ژیانی رۆژانە و مانگانە و بگرە ساڵانەش.

*ئەو سەرژمێرییانەی لە عێراق بڵاو دەكرێنەوە نوێن؟

رەنگە ئەو سەرژمێرییانە پشتیان بە ساڵی 2018 بەستبێت، هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2018 هیچ سەرژمێرییەكی ئەنجام نەداوە، هەرچەند بڕیار بووە چوار ساڵ جارێك ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی چەندان كێشەوە نەمانتوانیوە ئەوە بكەین، بۆیە ئێستە ماوەی ساڵێكە لەكارداین بۆ ئەوەی سەرژمێرییەكی نوێ بكەین و هەموو شتێك بە ئامار و داتاو بڵاو بكەینەوە.

*دوایین سەرژمێری كرا رێژەی هەژاری لە هەرێم چۆن بوو؟

لە رووی هەژارییەوە شارەكانی هەرێمی كوردستان زۆر لە خوار شارەكانی عێراقەوەن، واتە رێژەی هەژاری لە شارەكانی عێراق بە بەراورد بە شارەكانی هەرێم زۆر بەرزترە، ئەو كاتەی كە كرا، رێژەكە لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی 12% بوو، لە شارەكانی عێراقیش لە سەروی 350% بوو، بۆ ئەو رێژەیە تەواوی نرخەكانی بازاڕ بۆ كەلوپەل و خۆراك و پێویستییەكان وەردەگیرێت، بەو جۆرە دەكرێت وەك ئەوەی لەگەڵ ئەو كەسە یان ئەو خێزانە بژیت.

*ئەو ئامارانەی عێراق لەسەر چ بنەمایەك دیاری كراون؟

رەنگە شتێكی خێرا بووبێت و زیاتریش لەسەر مووسڵ كرابێت، كە رێژەی هەژاری تیایدا زۆر بەرزە، ئەو رێژە و ئامارانەی بڵاو دەكرێنەوە هیچ پشتیان پێ نابەسترێت، بۆیە هەركات بەتەواوی سەرژمێری كرا، وەك ئەوەی ئێستە كاری بۆ دەكەین و نیوەی كارەكانمان تەواو كردووە، ئەوكات ئاماری فەرمی دەخەینە روو.

*رێژەی هەژاری لە شارەكانی هەرێم چەند بووە؟

رێژەی هەژاری بەپێی ئەو سەرژمێرییەی كە كرا، لە ماوەی ساڵی 2018 بۆ هەولێر 7% بوو، سلێمانی 4.5% بوو، دهۆك 9% بوو، ئەوەش بەشێوەیەكی بچووك كرا نەك بە فراوانی بكرێت، ئەگەرنا لە ساڵی 2014ەوە بەهۆی شەڕی داعش سەرژمێری بە فەرمی نەكراوە، یەكێك لە تەوەرە فەرمییەكان ئەوەیە كە كاری رۆژانەی هەر خێزانێك بۆ ماوەی ساڵێك لێكۆڵینەوە لەسەر دەكرێت و دواتر بانكی ناودەوڵەتی بڕیار لەسەر رێژەكە دەدات.

دیمانەی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل