پەیامی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بۆ عێراق چی بوو؟

:: PM:05:33:23/01/2024 ‌

دوێنێ دووشەم وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا كۆمپانیای "فلای بەغداد" و بەڕێوەبەرەكەی و ژمارەیەك ئەندامی میلیشیای كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی خستە ناو لیستی سزاكانییەوە، شارەزایەكی ئابووری پێی وایە ئەو سزایانە هۆشدارییەكی ئابووریی ئەمەریكایە بۆ عێراق.

د. نەبیل مەرسوومی، مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری دەڵێت، هەریەك لە سەرۆكی ئەمەریكا و كۆنگرێسی ئەو وڵاتە دەسەڵاتی سزادانیان هەیە، كاتێك یاساكانی دەسەڵاتی فریاگوزاریی ئابووری بۆ ساڵی 1977، رێگە بە سەرۆكی وڵات دەدات بۆ دەركردنی ئەو سزایانە، لەو ناوەش واشنتن هانی نەتەوە یەكگرتووەكانی دا بۆ سەپاندنی سزاكان بەسەر چەندان گرووپ و كەسایەتی لە 180 دەوڵەت. 

زیاتر گوتی، ئەمەریكا چوار شێواز بۆ سەپاندنی سزا ئابوورییەكان دەگرێتە بەر، یەكەم/ بلۆككردن، واتە دەستبەسەرداگرتنی موڵكوماڵی دەوڵەتێك لە دەرەوە و بلۆككردنی حیساباتی دامەزراوەكانی دەوڵەتەكە و ئەو كەسانەی كە بە تێوەگلان لە بڕیاردان لەدژی ئەمەریكا تێوەگلاون، دووەم/ كۆت و سزا داراییەكان، دوورخستنەوەی ئەو وڵاتە لە سیستمی حەواڵەی دارایی سویفت، كە لەلایەن هەزاران دامەزراوەی دارایی لە زیاتر لە 200 دەوڵەت بەكار دەهێنرێت، وەك بەكارهێنانی لەدژی ئێران و رووسیا.

سێیەم/ دوورخستنەوە لە مەقاسەی دۆلار، واتە قەدەغەكردنی مامەڵەی دارایی بە دۆلاری ئەمەریكی و سزادانی هەر كۆمپانیایەكی رۆژئاوایی كە مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیاكانی وڵاتانی سزادراو دەكەن، چوارەم/ قەدەغەی گەیشتن بۆ بازاڕی قەرزی دنیا، واتە بێبەشكردنی وڵاتانی سزادراو لە قەرزكردن بۆ پەرەپێدانی ئابووری، رەنگە بەو هۆیەشەوە سوودی قەرز زیاد ببێت و بەهای دراوی نیشتمانیی وڵاتی سزادراو كەمبێتەوە. 

مەرسوومی دووپاتی كردەوە، لە حاڵەتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە عێراق فرەوانتر نەبن، ئەگەری هەیە عێراق رووبەڕووی ئەو سزایانە ببێتەوە:

1- وەستانی پێدانی دۆلاری كاش بە عێراق، چونكە یاساكانی ئەمەریكا، لەوانە یاسای سزادانی دوژمنانی ئەمەریكا، رێگە بەو واشنتن دەدات بۆ پێنەدانی دۆلار بۆ هەندێك وڵات، بەوەش بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر بە دۆلار زۆر دادەبەزێت و ئەگەری هەیە رووخانی گەورەی دینار ببینین، لە ئەنجامدا هەڵاوسانێكی گەورە روو بدات و گەمارۆی پێشووی ئەمەریكامان لەسەر عێراق بیر بێنێتەوە. 

وەك مەرسوومی ئاماژەی بۆ دەكات، رەنگە یەدەگی دراوی عێراقی لە بانكەكانی ئەمەریكا بلۆك بكرێت، ئەگەری ئەوەش هەیە سزاكان بگەنە وەبەرهێنانی گەورەی عێراق لە پشكەكانی گەنجینەی ئەمەریكا كە دەگاتە 34 ملیار دۆلار.

2-راگرتنی مامەڵەكردن لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراق، ئەوەش دەبێتە هۆی نەمانی متمانە دنیا بەو بانكە و پاڵیان پێوە دەنێت بۆ راگرتنی مامەڵەكردن لەگەڵ بانكەكە بەهۆكاری تەكنیكیی پێوەست بە پێوەرەكانی نەختێنەی جیهانی، یان بەهۆكاری پێوەست بە ترس لە سەپاندنی سزای ئەمەریكا لەسەر ئەو لایەنەی كە مامەڵە لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراق دەكات. 

3-سەپاندنی سزا بەسەر بانكەكانی عێراق و كۆمپانیاكانی حەواڵەی دارایی، بەوەش دۆخی ئابووریی عێراق تێك دەچێت و قەبارەی بازرگانیی دەرەكی سنووردار دەبێت.

4-رێگرتن لە بەكارهێنانی سیستمی حەواڵەی دارایی سویفت لەلایەن عێراقەوە، كە ئەمەریكا بەسەریدا باڵادەستە.

5-وەستانی بەرنامەی قەرزدان و پاڵپشتیی دارایی بۆ ئاوەدانكردنەوە و یارمەتییەكان كە لەلایەن سندووقی دراو و بانكی نێودەوڵەتییەوە بەعێراق دەدرێت، چونكە ئەمەریكا بەسەر ئەو دوو رێكخراوە باڵادەستە. 

6-راگرتنی رێگەدان بە عێراق بۆ هاوردەكردنی غاز و كارەبا لە ئێران، بەوەش سیستمی كارەبای عێراق پەكی دەكەوێت.

7-سزا گریمانكراوەكانی ئەمەریكا زۆر كاریگەرییان لەسەر كەرتی نەوتی عێراق دەبێت، كە رەنگە ئەمەریكا كڕینی نەوت لە عێراق رابگرێت، كە دەگاتە 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە، ئەگەریش هەیە سزاكان پەرە بستێنن و ئەو لایەنانەش بگرێتەوە كە نەوت لە عێراق دەكڕن، كە 93%ی سەرچاوەی داهاتی عێراق پێك دێنێت، جیا لەوانە ئەگەری هەیە بەهۆی ترسیان لە سزاكانی ئەمەریكا، كەشتییە نەوتییە جیهانییەكان چیتر نەوتی عێراق بار نەكەن، هەمان شتیش بۆ كۆمپانیاكانی بیمەی بارە نەوتەكانی عێراق بۆ دەرەوە. 

8-كاریگەریی نەرێنی بۆ سەر وەبەرهێنان لە عێراق، لەوانەش لاوازیی متمانەی وەبەرهێنەران، بەتایبەتی پێوەست بە كۆمپانیا ئەمەریكی و بیانییەكانی لە بواری نەوت لە عێراق كار دەكەن، ئەوەش كاریگەری لەسەر توانای عێراق لە بەرهەمهێنان و هەناردنی نەوت و پڕۆژەكانی پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان، بەتایبەتی ئەوانەی پێوەندییان بە وەبەرهێنان لە غازی هاوەڵی دەرهێنانی نەوت هەیە، كە عێراق بۆ كەمكردنەوەی هێنانی لە دەرەوە پشتی پێ دەبەستێت، كە تاكە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی كارەبایە لەو وڵاتە، لەپاڵ كاریگەرییە نەرێنییەكانی بۆ سەر پلانە ئابوورییەكانی حكوومەت لە بوارەكانی بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوەدا. 

دوێنێ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا كۆمپانیای "فلای بەغداد" و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكەی خستە ناو لیستی سزاكانی، ئەوەش بەهۆی پاڵپشتییان لە چالاكییەكانی فەیلەقی قودسی ئێران و میلیشیا شیعەكان، كە هێرش دەكەنە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا، واشنتن كۆمپانیاكەی بە گواستنەوەی چەكداری میلیشیاكان و مووشەك و چەك تەقەمەنی لە عێراقەوە بۆ سووریا تۆمەتبار كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل