له‌ كۆنفرانسی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان باس له‌ موڵك و سامانی گۆڕان نه‌كراوه‌

:: PM:02:24:27/01/2024 ‌
نزار مه‌حموود ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌ندام له‌ دووه‌مین كۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌م دیمانه‌یه‌ی ''وشه‌''دا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند بابه‌تێكی گرنگ و پێویست له‌باره‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و دووه‌مین كۆنفرانسی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ و ده‌ڵێت، له‌ كۆنفرانسی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان باس له‌ موڵك و سامانی گۆڕان نه‌كراوه‌. 

كه‌ی خانه‌ی راپه‌ڕاندن و ڕێكخه‌ر هه‌ڵده‌بژێرن؟
 بڕیاری كۆنفرانس وایه‌ كه‌ له‌ دوای ته‌واوبوونی گۆڕانكارییه‌كان كه‌ وابه‌سته‌ی كۆنفراسن، ده‌ستبه‌جێ جڤاتی نیشتمانی و خانه‌ی راپه‌ڕاندن و ڕێكخه‌ر ده‌ستنیشان بكرێت، به‌ڵام وه‌ك عاده‌تی ئه‌م وڵاته‌ كه‌ زۆر شت له‌ واده‌ی خۆیدا جێبه‌جێ ناكرێت، بۆیه‌ ره‌نگه‌ نزیكه‌ی دوو مانگی تر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. 

له‌ چیدا گۆڕان گۆڕانكاری كرد له‌م كۆنفرانسه‌دا؟ 

گۆڕانكارییه‌كان له‌ خواره‌وه‌ كراوه‌ تا ده‌گاته‌ جڤاتی نیشتمانی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ كراوه‌ گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی نین، به‌ڵكو پێداچوونه‌وه‌ و خۆڕێكخستنه‌وه‌ و به‌خۆداچوونه‌وه‌ بووه‌ له‌ڕووی كاری سیاسی و حزبیی بزووتنه‌وه‌كه‌، له‌ ئه‌دا و ئاست و كه‌موكوڕی و خاڵی لاواز و خاڵی به‌هێزی بزووتنه‌وه‌كه‌ خرانه‌ به‌رباس بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ كوردستان و ئه‌و ئاڵنگاریانه‌ی كه‌ دێنه‌ پێشه‌وه‌ بۆ له‌مه‌ودوای كوردستان. 

بڕیاری چی دراوه‌ له‌باره‌ی تیمی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ حكوومه‌تدا؟
ئه‌وه‌ یه‌كلا بووه‌ته‌وه‌ و بڕیار دراوه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بكشێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌مزووانه‌ میكانیزمی ئه‌و كشانه‌وه‌یه‌ ده‌ست پێ ده‌كات و رێكاره‌كانی جێبه‌جێ ده‌كرێن، به‌ڵام كاته‌كه‌ی نادیاره‌ و نازانرێ كه‌ی ده‌ست به‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌كرێت. 

له‌باره‌ی موڵك و سامانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌تایبه‌تی گردی زه‌رگه‌ته‌ كه‌ مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌، هیچ باس و خواستێكی له‌سه‌ر كرا؟

نه‌خێر، باسی هیچ موڵك و سامانێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م كۆنفرانسه‌دا نه‌كراوه‌، به‌ڵكو هه‌ر ئه‌ندامێكی بزووتنه‌وه‌كه‌ش باسی بكات ئه‌وه‌ خۆی له‌ گێلی ده‌دات و خۆڵ ده‌كاته‌ چاوی خه‌ڵك، چونكه‌ موڵك و ماڵ و سامانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، هیچ پێوه‌ندییه‌كی به‌ گۆڕان و ئه‌ندامانیه‌وه‌ نییه‌،  موڵکەکە خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ گرده‌كه‌ و كه‌ناڵی knn و چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی تر، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش پڕۆژه‌یه‌كی سیاسیی نه‌وشیروان مسته‌فا بووه‌ و هه‌موو ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی گۆڕانیش كه‌ چوونه‌ته‌ ناو گۆڕانه‌وه‌، پێوه‌ندییان به‌و سامانه‌وه‌ نییه‌ و بۆیان نییه‌ باس له‌و موڵكانه‌ بكه‌ن، بۆیه‌ ئێسته‌ش پێویست به‌ باس و گه‌نگه‌شه‌كردنی ئه‌و موڵكانه‌ ناكات. 

سلێمانی\ئاسان محه‌مه‌د



وشە - سلێمان تاشان