قائانی بۆچی سەردانی بەغدای كرد؟

:: PM:07:01:31/01/2024 ‌

پێش و دوای هەر رووداوێكی گرنگی تەناهی و تەنانەت سیاسی و ئابووریش لە وڵاتانی هێز و میلیشیا شیعەكان تیایدا دەسەڵاتیان هەیە، فەرماندەی فەیلەقی قودس، واتە باڵی دەرەوەی سوپای پاسدارانی ئێران ئامادە دەبێت، ئەو سەرەتا و دەست پێكی رووداوەكان دیاری دەكات و تا كۆتاهاتنی ئیدارەیان دەدات، لەدوای هێرشەكەی ئەم هەفتەیەی سەر بنكەی سەربازیی ئەمەریكا لە ئوردن و كوژرانی سێ سەربازی ئەمەریكی، ئەگەری وەڵامدانەوەیەكی توندی ئەمەریكا هەیە، بەڵام پێوەندیی سەردانەكەی قائانی بە وەڵامدانەوەی ئەمەریكاوە چییە؟

چەند سەرچاوەیەكی عێراقی ئاشكرایان كرد كە لە رۆژانی یەكشەم و دووشەمی ئەم هەفتەیە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانێكی نهێنی و بەپەلەی بۆ بەغدا كردووە، لەو سەردانە چاوی بە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و ژمارەیەك فەرماندەی میلیشیا شیعەكانی نزیك لە تاران كەوتووە، مەبەستی سەردانەكەشی هێوركردنەوەی ئەو پەرەسەندنەیە لەنێوان میلیشیاكان و هێزەكانی ئەمەریكا لەدوای كوژرانی سێ سەربازی ئەمەریكا لە ئوردن سەری هەڵداوە.

هاوكات سەردانەكەی قائانی بۆ بەغدا هاوكاتە لەگەڵ دەست پێكردنی گفتوگۆی نێوان بەغدا و واشنتن سەبارەت بە دانانی خشتەی كۆتاهێنان بە ئەركی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و كشانەوەی بەهەنگاویان لە عێراق لە رێگەی پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای سەربازی بۆ دانانی خشتەیەك لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی دۆخەكە، دوێنێش كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی، تۆمەتباری سەرەكیی هێرشەكەی ئوردن، وەستانی هێرشەكانی بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا بە پاساوی شەرمەزارنەبوونی حكوومەتی عێراق راگەیاند، هەموو ئەوانە دوای هێرشەكەی سەر بنكە سەربازییەكەی ئەمەریكا لە ئوردن و كوژرانی سێ سەربازی ئەمەریكی و برینداربوونی 40ی تر و بەڵێنی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا بە وەڵامدانەوە دێت.

هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن، سەردانە نهێنییەكەی قائانی بۆ بەغدا رۆژی دووشەم بووە و چەند سعاتێكی خایاندووە، بۆ زیاتر لە سێ سعات لەگەڵ سوودانی كۆبووەتەوە، دووپاتی كردووەتەوە بەوەی تاران نایەوێ عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێی لەگەڵ ئەمەریكا و نایەوێ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بشێوێت، داوای لە سوودانی كردووە كە پەیامێك بگەیەنێتە ئەمەریكییەكان بەوەی تاران هیچ پێوەندی و زانیاری بە بۆردمانەكەی ئوردن نییە و نایەوێ بازنەی شەڕ لە ناوچەكە فرەوان بكات، هاوكات هەر هێرشێكی ئەمەریكا بۆ سەری گڕ لە ناوچەكە و دنیا بەردەدات.  

قائانی بەڵێنی بە سوودانی داوە گوشار بخاتە سەر میلیشیاكانی بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و وەستانی پەرەسەندنی دۆخەكە و هێرشەكانیان لە دژی ئەمەریكا، لە بەرانبەر خێراكردنی گفتوگۆكانی چوونەدەرەوەی هێزی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق.

هەر بەپێی سەرچاوەكان، دوای سوودانی قائانی چاوی بە فەرماندەی ژمارەیەك لە میلیشیاكانی ئێران كەوتووە، لەوانە كەتیبەكانی حزبوڵا و نوجەبا و سەید شوهەدا و هیتریش، داوای لێ كردوون دۆخەكە هێور بكەنەوە و هێرشەكان بۆ سەر ئەمەریكا بوەستێنن تا زانینی هەڵوێستی ئەمەریكا لەبارەی كشانەوەی لە عێراق لە رێگەی گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراق، بۆیەش دوای كۆبوونەوەكە كەتیبەكانی حزبوڵا وەستانی هێرشەكانی لە دژی ئەمەریكا راگەیاند، میلیشیاكانی تریش رایان گرتووە، بەڵام رایان نەگەیاندووە، بۆیە سەردانەكەی قائانی چەند سعاتێكی خایان و ئێوارەی دووشەم بەغدای جێ هێشتووە. 

لای خۆیەوە سەیف رەعد، شارەزای سیاسی و تەناهی ئاماژەی كرد، روونە كە راگەیاندنی وەستانی هێرشەكان بۆ سەر ئەمەریكا لەلایەن كەتیبەكانی حزبوڵاوە، دوای گوشارێكی ئێران و حكوومەت و هێزە سیاسییەكانی عێراق هات، مەبەستی سەردانەكەی قائانیش بۆ بەغدا بەو ئامانجە بوو، چونكە ئێران نایەوێ بازنەی شەڕ فرەوانتر بێت و ئەویش بگرێتەوە.

روونی كردەوە، راگەیاندنەكەی حزبوڵا بە وەستانی هێرشەكانی بۆ سەر ئەمەریكا، وەستانی بەشێكی هێرشەكانە، چونكە تا ئێستە بزاوی نوجەبا و ئەسحابولكەهف و میلیشیای تر ماون، بۆیە ئەوەی دەگوزەرێت تەنیا مانۆرێكی ئاشكرایە بۆ سووككردنی گوشارەكان لەسەر تاران و هەوڵێكە بۆ هێوركردنەوەی ئەمەریكا یان لابردنی سەرنجی لەسەر چەند ئامانجێك، كە ئەو میلیشیایە ترسی لە كرنەئامانجیان هەیە یان دەیەوێ توندیی هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی ئەمەریكا سووك بكات. 

ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە، راگەیاندنەكەی حزبوڵا بە وەستانی هێرشەكانی بۆ سەر ئەمەریكا، وەڵامدانەوەی ئەمەریكا بۆ كوژران و برینداربوونی سەربازەكانی لە ئوردن ناوەستێنێت، جیا لەوەی ئەوەی رووی دا لاوازیی هەڵوێستی عێراق لە كۆنترۆڵكردنی میلیشیاكان دووپات دەكاتەوە، هەروەها دووپاتی هێز و دەسەڵاتی ئێران لە عێراق دەكاتەوە، بۆیەش بەغدا بۆ هێوركردنەوەی دۆخی تەناهیی عێراق پەنای بۆ تاران برد، دوای ئەوەی ماوەی چەند مانگێكە لە هەوڵەكانی بۆ ئەو مەبەستە شكستی هێنا.     



وشە - تایبه‌ت