كتێبی "شیعر و سوبێكت و شیعر و دازاین"ـی هاشم سەراج چاپ و بڵاو كرایەوە

:: AM:09:21:01/02/2024 ‌
كتێبی "شیعر و سوبێكت و شیعر و دازاین"ـی هاشم سەراج چاپ و بڵاو كرایەوە و نووسەرەكەی دەڵێت، "ئەم بەرهەمەم لە چاپخانەی چوارچرای شاری سلێمانی چاپ كردووە و ژمارەی لاپەڕەكانی 550 لاپەڕەیە."
 
هاشم سەراج شاعیر و نووسەر لەبارەی چاپكردنی بەرهەمە نوێكەیەوە، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "ئەم بەرهەمەم "شیعر و سوبێكت و شیعر و دازاین"، دوو پڕۆژەی شیعرین، پێكەوە لە یەك كتێبدا چاپم كردوون. تێچووی كتێبەكە لەسەر ئەركی خۆمە و لە چاپخانەی چوارچرای شاری سلێمانی چاپ كراوە، ژمارەی لاپەڕەكانی 550 لاپەڕەیە".

 هاشم سەراج لەبارەی واتای ناونیشانی كتێبە شیعرییەكەیەوە ڕوونی كردەوە، "سوبێكت یان سووژە، واتای خود دەگەیەنێت، بەڵام بەڕوانینە لاكانییەكەی ئەم واتایە دەبەخشێت. دازاین بە چەمكی هایدگەری، بوون بەڕەوشی بەردەوامی گۆڕانەوەیە."
 
هاشم سەراج لە ساڵی 1954 لە گەڕەگی خانەقای هەولێر لە دایك بووە. دەرچووی كۆلێژی كارگێڕی و ئابوورییە لە زانكۆی بەغدا.  خاوەنی چەندان پەرتووكە، لەوانە: دووكەڵ بەغدا - 1983، گۆڕستانی ئەپیكۆرۆس سلێمانی - 2000، لالەبەدەستان هەولێر - 2001، سروودەكانی عیشق هەولێر 2002، زینانی ڕۆح هەولێر - 2005، شالیس سلێمانی - 2007، عەتر و حەشیش و زەهرا هەولێر - 2008، پەرتووكی زناك هەولێر - 2009. پەخشانی شین شیعر 2023 دەزگای فام دەقی سپی شیعر 2023 دەزگای فام. جگە لەم پەرتووكانە نووسەر و شاعیر، چەند پەرتووكێكی تری ئامادەی بڵاوكردنەوەن؛ هەروەها چەندان بابەت و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی بڵاو كردووەتەوە.



وشە - سۆران عەزیز