جگەرەی ئەلیكترۆنی بووەتە مەترسی بۆ سەر ژینگە و هەفتانە پێنج ملیۆنی لێ فڕێ دەدرێت

:: PM:12:20:03/02/2024 ‌
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ڕای گەیاند، ئێستە یەكێك لە نیگەرانییەكانیان، زیادبوونی كێشانی جگەرەی ئەلیكترۆنییە لە ناو گەنجاندا، رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردبووەوە، جگەرەی ئەلیكترۆنی 100% زیانبەخشە و تەنانەت بۆ ئەوانەش باش نییە كە بەمەبەستی فڕێدانی جگەرە ڕوو لە جگەرەی ئەلیكترۆنی دەكەن.

ریشی سوناكی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، كاریگەرییە درێژخایەنەكانی كێشانی جگەرەی ئەلیكترۆنی نادیارە، نیكۆتینی ناو ئەو جگەرەیەش دەتوانێت ببێتە هۆی ئالوودەبوون. 

توێژینەوەكە لەلایەن زانكۆی نیشتمانی ئوسترالیا ئەنجام دراوە و ئەنجامەكانی لە گۆڤاری پزیشكی ئەو وڵاتەدا بڵاو كراوەتەوە، تێیدا ئەوە ڕوون كراوەتەوە ئەو كەسانەی جگەرەی ئەلیكترۆنی دەكێشن، بەبێ ئەوەی ئاگاداربن، تێكەڵەیەكی مەترسیداری پێكهاتەی كیمیایی هەڵدەمژن.

حكوومەتی بەریتانیا ئاماژەی بە داتاكان كردووە كە دەریدەخەن لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، ژمارەی منداڵانی بەكارهێنانی جگەرەی ئەلیكترۆنی، سێ هێندە زیادی كردووە و ئێستە 9%ی منداڵانی تەمەن نێوان 11 بۆ 15 ساڵان، ئەو جۆرە جگەرەیە بەكار دەهێنن. 

حكوومەتەكانی رۆژئاوا جگەرەی ئەلیكترۆنی بەمەترسی بۆ سەر ژینگە دەبینن، پییان وایە  زیان بە ژینگە دەگەیەنێت، چونكە هەفتانە پێنج ملیۆن پارچە لە جگەرەی ئەلیكترۆنی فڕێ دەدرێت.

پێشتر بەبڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جگەرەی ئەلیكترۆنی لە هەولێر قەدەغە كرا و لە دهۆك داواكاری گشتی شارەكە، بەكارهێنان و كڕین و فرۆشتنی جگەرەی ئەلیكترۆنی قەدەغە كرد.

پێشتریش لە شاری سلێمانی بە بڕیاری قایمقامی شارەكە، فرۆشگەی خوێندنگەیەك بەهۆی فرۆشتنی جگەرەی ئەلیكترۆنی بە خوێندكارانی خوار تەمەن 18 ساڵ داخرا.



وشە - سۆران عەزیز