گۆرانیی "نازدار نازدار"ی حەسەن زیرەك هی كێ بوو و بۆچی لە یوتیوب سڕایەوە؟

:: PM:01:34:03/02/2024 ‌
لە ماوەكانی ڕابردوودا گۆرانییەك بەناوی "نازدار نازدار" بەدەنگی حەسەن زیرەك، لە ڕێی دوو گەنجی سلێمانی بەناوەكانی زرنگ مەهدی و ئەحمەد كەریم، لەڕێی زیرەكی دەست كرد بەرهەم هێنرا و بڵاو كرایەوە، بەڵام پاش  ماوەیەك گۆرانییەكەیان لابرد.

گۆرانیی "نازدار نازدار" لە ماوەیەكی كورتدا خەڵكێكی زۆر بینییان، بەشێك هاووڵاتییان پێیان وابوو كارێكی جوانە و بەشێكیش بە ستەم لە هونەرمەند حەسەن زیرەك دایانە قەڵەم، ئەوە لە كاتێكدایە ئاوازی ئەو گۆرانییە عەرەبییە و لە ئاوازی گۆرانیی ڕەفەت ڕەفەتی تایەر عوجێرییەوە وەرگیراوە.

لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەو گۆرانییە لە یوتیوب سڕایەوە؟ زرنگ دەڵێت، هەر گۆرانییە كە بڵاو كرایەوە، ئاوازدانەرەكەی بینی كە بینەرێكی بێشووماری هەیە، یەكسەر دەستی كرد بەبیانووی گرتن.

گوتیشی، بەهۆی ئەوەی لە ترێندی یوتیوب گۆرانییەكە گەیشتە پلەی دووەم، ئەوە ئاوازدانەرەكەی هان دا بیانوو بگرێت، ئێمەش بۆمان ڕوون كردەوە كە بابەتەكە چۆنە، بەڵام خاوەنی ئاوازەكە داوای كرد ناوی لەسەر بەرهەمەكە بهێنرێت، ئەوەشمان بۆ كرد، پاشان بیانووی ئەوەی گرت كە دەبێـت گفتوگۆیەكی ڤیدیۆیی بكەین و بڵێن ئەو ئاوازە هی ئەوە، ئەوەشمان بۆ كرد. دواتر داوای پارەی كرد، پارەكەش بڕی 30 هەزار دۆلار بوو كە ئێمە بیدەین بەو گۆرانییبێژە عەرەبەكە، ئێمەش پارەمان نەبوو، ناچار گۆرانییەكەمان سڕییەوە.

زرنگ باسی لەوەش كردووە كە ئەو گۆرانییە بەزمانی توركی و فارسیش وەرگیراوە، بەڵام نەمانبینی گۆرانیبێژەكە هیچ كێشەیەكی هەبێـت، دیار بوو هەر كێشەی لەگەڵ زمانی كوردیدا هەبوو.




وشە - سۆران عەزیز