له چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تی گۆڤاری ''
كوردستان كرۆنیكڵ'' له‌گه‌ڵ مێلیس كایا كچی گۆرانیبێژی ناوداری باكوری كوردستان ئه‌حمه‌د كایا، چه‌ند نهێنییه‌كی كایا وه‌ك باوك ئاشكرا ده‌بێت.
ئاشكرایه باوكت گۆرانیبێژێكی ناوداره و جێی شانازیی زۆرینه‌ی خه‌ڵكه، ئه‌لبوومه‌كانی باوكت ڕیكۆردیان شكاند و گۆرانییه‌كانی له یه‌كه‌مه‌كان بوون، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كورد بوو و ده‌یویست به كوردی گۆرانی بچڕێت، دووچاری ده‌ربه‌ده‌ری بووه‌وه و له ده‌ره‌وه له ته‌مه‌نێكی گه‌نجیدا سه‌ری نایه‌وه، تۆ وه‌ك كچی كایا له ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵی بوویت، غه‌ریبی مانای چی ده‌گه‌یاند لای كایا؟
ژیانكردن له ده‌ره‌وه‌ی وڵات له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی تر ده‌گۆڕێت، لای هه‌ندێك ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كرێت شوێنێك بێت بۆ دووباره خۆدروستكردنه‌وه و لای هه‌ندێكی تر وه‌ك ئه‌وه وایه ئازارێكی زۆرت له‌سه‌ر شان بێت و باجه‌كه‌ی بده‌یت، هونه‌رمه‌ندان پێویسته هه‌سته‌كانی خۆیان ئاو بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مێكی باش پێشكه‌ش بكه‌ن، هه‌ندێك كه‌س هه‌سته‌كانیان به‌و خاكه ئاو ده‌ده‌ن كه لێی هاتوونه‌ته دنیا، باوكیشم یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه. باوكم له ده‌ره‌وه هه‌ستی به‌وه ده‌كرد په‌راوێز كه‌وتووه، له هه‌مان كاتدا به‌خۆهاتنه‌وه‌یه‌ك بوو بۆی، له شه‌و و ڕۆژێكدا ته‌واوی ژیانی گۆڕا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوتی: ''من كوردم''. كوردبوونی ئه‌و بووه هۆی ئه‌وه‌ی سه‌ر له نوێ ژیانێكی تر ده‌ست پێ بكاته‌وه، له وڵاتێك كه نازانی كوێییه و نازانی چییه، له‌وێ تۆ چیتر ئه‌حمه‌د كایا نیت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان، ئیتر تۆ ته‌نیا ده‌بێ بۆخۆت بژیت. به‌داخه‌وه باوكم زۆر بێتاقه‌ت بوو به‌و هه‌موو ڕقه‌ی كه هه‌یانبوو به‌رانبه‌ری و ده‌ربه‌ده‌ری ئه‌وی بێزار كردبوو، باوكم زۆر دڵڕه‌نجاو بوو له ده‌ربه‌ده‌ری، ئه‌وی دیویست بڵێ، ''ساڵه‌های ساڵه چه‌ندان گۆرانیم به زمانی ئێوه گوت، به‌ڵام هیوام وابوو یه‌ك گۆرانی تر بڵێم كه به زمانی خۆم بێت''.
تا ئێسته سه‌ردانی باشووری كوردساتانت كردووه (هه‌رێمی كوردستان)؟
به‌دڵنیاییه‌وه، چه‌ندان جار سه‌ردانی هه‌ریه‌كه له هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانیم كردووه، گه‌شتم كردووه به‌ره‌و دۆڵی بالیسان و سه‌ردانی مه‌زارگه‌ی شه‌هیدانی كوردستان‌م كردووه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی هه‌لێكم بۆ ڕێك بكه‌وێت دووباره سه‌ردانی باشوور ده‌كه‌مه‌وه.
كایا به ڕواڵه‌ت كه‌سێكی تووڕه دیار بوو، ئایا وه‌ك باوكیش وابوو؟ چ جۆره باوكێك بوو، له‌باره‌ی كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی، ئاره‌زووی به چ شتێك بوو؟
باوكم كه‌سێكی ڕووخۆش و قسه‌خۆش بوو، ئه‌و كه‌سێكی لیبراڵ بوو و له‌سه‌رخۆ بوو، باوكێكی زۆر دڵسۆز و خه‌مخۆر بوو. حه‌زی له‌وه بوو ببه‌خشێت، ئه‌گه‌ر له نزیكه‌وه تێكه‌ڵی بیت، له ژیانی تایبه‌تی خۆیدا ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و وێنه‌یه‌ی بوو كه له دووره‌وه خه‌ڵكی ده‌یبینی و وایانده‌زانی تووڕه‌یه، له ژیانیدا حه‌زی به زۆر شت هه‌بوو، وه‌ك یارییه‌كانی ناو كۆمپیوته‌ر، هه‌روه‌ها ئاژه‌ڵی زۆر خۆشده‌ویست، له ماڵی خۆمان سه‌گ و بولبول و ماسیشمان هه‌بوو. به بیرمه جه‌ژنێكی قوربان مه‌ڕێكی كڕی و نیازی وابوو بیكاته قوربانی، له باخچه‌كه داینا و گوتی، ''زۆر خه‌مباره مه‌ڕه‌كه، ناتوانم و نامه‌وێت ئه‌مه سه‌رببڕێت!'' چونكه نه‌یتوانی مه‌ڕه‌كه سه‌ربڕێت، ماوه‌یه‌كی زۆر له باخچه‌كه‌ی خۆمان به‌خێومان كرد و لای خۆمان هێشتمانه‌وه.
خۆشترین یادگاری چییه كه له‌گه‌ڵ باوكتدا هه‌تبووه و به چ شتێك‌دا ئه‌وت به‌بیر دێته‌وه؟
زۆر یادگاری هه‌ن، هه‌رده‌م یاریی له‌گه‌ڵ ده‌كردم و له خوێندن و ئه‌ركه‌كانمدا یارمه‌تی ده‌دام، هیچ كات خێزانه‌كه‌ی خۆی پشتگوێ نه‌ده‌خست ته‌نانه‌ت له سه‌رقاڵترین كاته‌كانی ژیانیشیدا. باوكم زۆر كه‌سێكی تایبه‌ت بوو، زۆر كه‌سێكی دڵپاك و ڕاستگۆ بوو له‌گه‌ڵ ئه‌م دنیایه‌دا، به شێوه‌یه‌ك ئه‌وم به بیر دێته‌وه كه وا ده‌زانم كه‌سی ترم نه‌ناسیوه له ژیانمدا هێنده‌ی ئه‌و خاوه‌ن دڵێكی باش و جوان بێت.
بێجگه له گۆرانی ''كاروان''ی هونه‌رمه‌ند خۆشناو تێلۆ، باوكت هیچ گۆرانییه‌كی كوردی تۆمارنه‌كردووه، ئایا كایا كوردی ده‌زانی و له ماڵه‌وه به كوردی قسه‌ی ده‌كرد له‌گه‌ڵتان؟ پێوه‌ندی باوكت چۆن بوو له‌گه‌ڵ زمانی كوردیدا؟
خۆت ده‌زانی باوكم منداڵی خێزانێك بوو كه به‌ره‌و ڕۆژئاوای توركیا كۆچیان كردبوو، ئه‌و ژیانی منداڵی و گه‌نجی له ئیستانبوڵ به‌سه‌ر برد، به گه‌نجی به ته‌واوه‌تی له زمانی دایك دابڕابوو، زۆر حه‌زی ده‌كرد فێری زمانی كوردی بێت، ئه‌وه‌ی كه وای لێ كردبوو كه‌سێكی كامڵ نه‌بێت له ژیانی، بریتی بوو له‌وه‌ی نه‌یده‌توانی به زمانی دایكی بدوێت، ئه‌و هه‌رده‌م له دڵیدا ئه‌و خه‌مه‌ی قه‌تیس كردبوو كه كوردی نازانێت، و زۆر تووڕه بوو له سیستمه‌كه، كه وای لێ كردبوو زمانی دایكی نه‌زانێت. ئه‌گه‌ر كوردی بزانیایه چه‌ندان گۆرانیی كوردی جوانی به زمانی كوردی تۆمار ده‌كرد. كه ده‌ربه‌ده‌ر كرا له پاریس، مامۆستایه‌كی تایبه‌تی گرت بۆ ئه‌وه‌ی فێری زمانی كوردی بێت.
كایا له شیعره‌كانی هه‌ریه‌كه له یوسف حه‌یالۆغڵو، ئۆرهان كۆتان، ئه‌حمه‌د عارف، جان یوجه‌ل، ئاتیلا ئیلهان، حه‌سه‌ن حوسه‌ین كۆركمازگیل، ئێنڤه‌ر گۆكچه، نه‌ڤزات چه‌لیك، ئه‌حمه‌د ئێرهان، سه‌باحه‌دین عه‌لی و چه‌ندانی تر گۆرانییه‌كانی ئاماده كردووه، ئه‌و چ هه‌ستێكی هه‌بوو به‌رانبه‌ر به شیعر؟
باوكم پێوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ شیعردا هه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وشدا خۆی چه‌ندان شیعری نووسیوه و كردوونی به گۆرانی، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و شاعیرانه‌ی كه باست كردن، بۆ خۆیشی گۆرانی نووسیوه.
خه‌ونی كایا چی بوو به‌رانبه‌ر به كوردستان و دنیا؟
كایا خه‌ونی ئه‌وه بووه كوردستان و دنیا له ئاشتیدا ببینێت. به ئاواته‌وه كاری ده‌كرد بۆ هێنانه كایه‌ی سیستمێك كه جیاوازی نه‌كات له نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان و نه‌بێته هۆی دووبه‌ره‌كی، ده‌یویست ڕای ئازاد و بیری ئازاد ڕێزی لێ بگیرێت، ده‌شیویست سیاسه‌ت ئامرازێك بێت بۆ به‌دیهێنانی ئامانج، نه‌ك ببێته ئامانجێك، له گۆرانییه‌كانیدا هه‌موو ئه‌وانه به‌دی ده‌كه‌یت كه ئاماژه‌م پێی دا.
هه‌ستت چۆنه كه كچی هونه‌رمه‌ندێكیت؟ ئایا حه‌زت له گۆرنیبێژی هه‌یه؟
له ناو هونه‌ر و موزیكدا گه‌وره بووم، ئه‌مه زۆر شتی به من به‌خشیوه و وای لێ كردووم چه‌ند دیدگه‌یه‌كی جیاوازم پێ ببه‌خشێت به‌رانبه‌ر به دنیا، موزیكی كلاسیك و پیانۆم لێ ده‌دا بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك، به‌ڵام زۆر پرۆفیشناڵ و لێهاتوو نیم تێیدا و پلانم نییه ببمه هونه‌رمه‌ند.
هه‌ر كه‌سه و گۆرانییه‌كی ئه‌حمه‌د كایای پێ تایبه‌ته، تۆ حه‌زت له كام گۆرانییه‌ی كایایه و چ ئه‌لبوومێكی ئه‌وت پێ تایبه‌ته؟
به‌ڕاستی ناتوانم هه‌ڵبژێرم، بۆ هه‌ر كاتێك و له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ستێكدا گۆرانییه‌كی تایبه‌تی ئه‌و لێ ده‌ده‌م، به‌گوێره‌ی بار و ده‌روونی خۆم، چۆن هه‌ست بكه‌م و له چ دۆخێك‌دا بم ئه‌و جۆره له گۆرانی پێده‌كه‌م كه له‌گه‌ڵ ئه‌و كاته گونجاوه، هه‌موو گۆرانییه‌كانی تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه و جیاوازن له گۆرانییه‌كانی تر.