دوای فیلەر و بۆتۆكس ئێستە نەشتەرگەریی پێڵووی چاو دەستی پێ‌ كردووە

:: AM:09:29:06/02/2024 ‌
پزیشكێكی جوانكاری دەڵێت، لەلایەن خانمانەوە ئێستە نەشتەرگەری پێڵووی چاو بووەتە مۆدێل و رۆژانە ژمارەی ئەو ژنانە زیاد دەبێت كە داوای ئەو نەشتەرگەرییە لە سەنتەرەكانی جوانكاری و نەخۆشخانەكان دەكەن.

نەشتەرگەریی پێڵووی چاو، مێژووەكەی بۆ زیاتر لە 100 ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە، جاران ئەو نەشتەرگەرییە بۆ چارەسەری ئەو كەسانە بەكار دەهات كە شۆڕبوونەوەیەك لە پێڵووەكانیان دروست دەبوو و كێشەی بینینیان بۆیان دروست دەبوو، ئێستە بۆ جوانكاری و بەشێوەیەكی مۆدێرن دەكرێ‌.

ئەمڕۆ سێشەم شەشی شوبات، سامان فەرهاد پزیشكی چاو، بە "وشە"ـی راگەیاند، نەشتەرگەریی پێڵووی چاو لە بنەڕەتدا بۆ دوو كەس دەكرێت، یەكەمیان بۆ ئەو منداڵانەی بەهۆی شۆڕیی پێڵووەكانیان كێشەی بینینیان هەیە، یان بۆ ئەو كەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 45 ساڵە پێڵووەكانیان شۆڕ دەبێتەوە.

زیاتر گوتی، ئێستە لەلایەن خانمانەوە لە تەمەنێكی زوو داوای ئەو نەشتەرگەرییە دەكرێت و لەگەڵ نەشتەرگەرییەكەش، داوای رێكخستنی برژانگەكانیان دەكەن بەو شێوەیەی دەیانەوێ.

باسی لەوەش كرد، ژمارەی ئەو كەسانەی داوای ئەو نەشتەرگەرییە دەكەن رۆژانە زیاتر دەبێت، كاریگەریی ئەو نەشتەرگەرییە دوای 40 ڕۆژ بە تەواوی دیار نامێنێت و ئەو ئەستووربوونەی لە دەموچاو بەهۆی ئەو نەشتەرگەرییە دروست دەبێت دیار نامێنێ.

بەپێێ‌ بەدواداچوونی "وشە" تێچووی ئەو نەشتەرگەرییە لە نێوان 700 بۆ 900 دۆلارە.


وشە - رامیار جەواد