سێو و گوڵەباخ و قاوە و یۆگا دەبنە هۆی نەمانی خەمۆكی و دڵەڕاوكێی مرۆڤ

:: AM:10:07:06/02/2024 ‌
یەكێك لە سادەترین و سروشتیترین ڕێكارەكان بۆ دووركەوتنەوە لە نەخۆشیی خەمۆكی، بەكارهێنانی هەندێك  خۆراك و ڕاهێنانە كە دەتوانن تا ئاستێكی بەرچاو ئەم حاڵەتە لەناو ببەن. 

زاناكانی دەروونناسی بایەخێكی بێ وێنە بە یۆگاكردن دەدەن، پێیان وایە ڕاستە تەكنیكەكانی سادەن، بەڵام ئەنجامەكانی قووڵن، دەروونناسەكان پێیان وایە، نایابترین  كاریگەرییەكانی وەرزشیی یۆگا بریتییە لە دروستكردنی نۆڕم و شێواز و ئاوێتەكردنی دەروونی مرۆڤ، كە دەبێتە هۆی دۆزینەوە و سەرهەڵدانی هاوئاهەنگییەك لەگەڵ سەرجەم پێكهاتە و توخمەكانی دنیا و ژیانی مرۆڤەكان.

بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەكی نوێ، كە زانكۆی ئەمستەردام بڵاوی كردۆتەوە ڕاهێنانی یۆگا بەپلەی یەكەم دژی خۆمۆكی و دڵەراوكێیە. ئەوانەی ئەم راهێنانە بۆ ماوەی سێ مانگ یا شەش مانگ دەكەن، بەدڵنیاییەوە لە خەمۆكی دوور دەبن.

 پێشتریش چەند توێژینەوەیەكی تر ئاماژەیان بەوە كردبوو، ئەنجامدانی یۆگا دەبێتە هۆی دابەزاندنی فشاری خوێن، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە چەند كێشەیەكی مەترسیدار كەم دەبێتەوە، بەتایبەتی نەخۆشییەكانی جەڵتەی دڵ و مێشك كە یەكێكن لە هۆكارە سەرەكییەكانی مردن لە دنیادا.

زاناكان ئاماژەشیان بەوە كردووە، هەندێك خواردن هەن لەگەڵ یۆگادا ئەنجامێكی باش دژی خەمۆكی بەدەستەوە دەدەن، یەك لەوانە سێوی سەوزە، هاوكات خواردنی زەعفەران. باسی ئەوەش دەكەن كە  پەڕی گوڵەباخ بكەنە ناو ئاوەوە ئاوەكە بخۆنەوە.

 پسپۆرەكان دەڵێن هێل، بۆنی خۆش و ناوازەی هێل، مێشك ئارام دەكاتەوە. بڕێكی كەم هێل بكەنە ناو چایەكەتانەوە و دواتر بیخۆنەوە، هاوكات باس لە سوودی قاوە دەكەن، پێیان وایە بە خواردنەوەی كووپێك قاوە، ڕۆژێكی پڕ وزە و شاد دەست پێ بكەن. 




وشە - سۆران عەزیز