لە ئەندەلوس و هیندستان مزگەوت دەڕووخێنرێت و دەكرێن بە پەرستگەی ئاینەكانی تر

:: PM:12:20:06/02/2024 ‌
لە سەردەمی زێڕینی ئیسلامدا ئەو ڕۆژانەی كە بە فتوحاتی ئیسلام ناسرابوون، ئەو كاتانەی مسوڵمانان كۆشك و مزگەوتیان لە سەرانسەری دنیادا دروست دەكرد و شوێندەستی خۆیان جێدەهێشت، كۆمەڵێك شارستانی كۆنیان گۆڕی، مزگەوتی نوێی تێدا دروست دەكرا. 

ئەو كاتەی بانگەوازی ئیسلام گەیشتە هیندستان، چەندان مزگەوتیان تێدا بنیات نا، بەشێك لەو مزگەوتانە لەسەر داروپەردووی پەرستگەكانی هیندۆسەكان كراونەتەوە، بۆیە لە هەڵمەتێكیاندا حكوومەتی هیندستان مزگەوتێكی كۆنیان رووخاند كە تەمەنی نزیكەی 600 ساڵە و دەكەوێتە پایتەختی ئەو وڵاتەوە. 

دەسەڵاتدارانی هیندستان ڕایان گەیاند، لە هەڵمەتێكدا بەمەبەستی لابردنی زیادەڕۆییەكان و ئەو باڵەخانانەی بەشێوەیەكی نایاسایی دروست كراون، مزگەوتێكی سەتان ساڵە رووخێنرا.

بەر لە چەندان ساڵ ئیمپراتۆری مەغۆلی مسوڵمان زەهیرودین محەمەد بابر، مزگەوتێكی لە ناوچەی ئەیۆدهیا بەناوی بابری بۆ مسوڵمانان دروست كرد، بەڵام هیندۆسەكان دەڵێن ئەم ئیمپراتۆر بابرە لە ساڵی 1528، پەرستگەی خوداوەند ڕامی تێكداوە و ئەو مزگەوتەی لەسەر دروست كردووە.

لە ساڵی 1992 بەشێكی زۆری هیندۆسەكان هێرشیان كردە سەر مسوڵمانەكانی ئەو ناوچەیە و نزیكەی دوو هەزار كەس كوژران، زۆربەی ئەو مسوڵمانانەی لە ژیاندا ماون، بێ ماڵوحاڵ بوون، بەوەش نەوەستان مزگەوتەكەیان ڕووخاند.

ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانی زانایانی مسوڵمان لە راگەیەنراوێكدا لە پەڕەی خۆی لە تویتەر رای گەیاندبوو، "مزگەوتەكانی مسوڵمانان لە ئەندەلوس دەكرێن بە كەنیسە و یانەی شەوانە، لە هیندستان دەكرێن پەرستگەی تر و قودسیش كە شوێنی پیرۆزی مسوڵمانانە، دەخوازن بكرێت بە پایتەختی جوو".



وشە - سۆران عەزیز