هۆندا بەهۆی بوونی کێشە لە ئێرباگدا 750 هەزار ئۆتۆمبێلی کشاندەوە

:: PM:05:42:06/02/2024 ‌
بەهۆی بوونی کێشە لە ئێرباگیاندا، کۆمپانیای هۆندا 750 هەزار ئۆتۆمبێلی لە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە ئەمەریکا کشاندەوە، باس لەوە دەکرێت ئەو ئۆتۆمبێلانە کێشەی چالاکبوونی ئێرباگیان تێدایە و لە حاڵەتی پێکدادانێکی کەمدا ئێرباگەکانیان چالاک دەبێت.

جگە لە هەبوونی کێشە لە ئێرباگ، یەکێکی تر لە کێشەکان بریتییە لە ناجێگیری پشتێنی سەلامەتى، سانسۆری پشتێنەکە لە شوێنی سەرنشینەکانی پێشەوەدا کێشەی تێدایە و پێویستی بە چارەسەر هەیە، ڕەنگە کێشەی پشتێنەکە بووبێتە هۆی تێکچوونی هەستەوەری ئێرباکەگە.

کشاندنەوەى ئۆتۆمبێلەکانى هۆندا لە لایەن کۆمپانیەکەوە هەریەکە لە مۆدێلەکانی 2020 تا 2022 دەگرێتەوە، کۆمپانیاکە دڵنیایی دەدات لەوەی هیچ کەسێک بەهۆی ئەو کێشانەوە کە لە ئۆتۆمبێلەکاندا هەبووە گیانی لەدەست نەداوە.

کۆمپانیای هۆندا باسی لە سەرچاوەی کێشەکە کردووە، لە کاتی دروستکردنی هەندێک لەو ئۆتۆمبێلانە، کۆمپانیاکە کەلوپەلی جێگرەوەی بەکارهێناوە لە جێگەی کەلوپەلە باوەکان بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلەکان، ئەمەیش بەهۆی لەکارکەوتنی ئەو کارگەیەی دروستکردنی ئۆتۆمبێلەکانەوە بووە، کە بەهۆی کارەساتی سروشتییەوە وێران بووە.


وشە - ئارا هێمن