"دوژمنان بە بڕینی قووتی خەڵك نەوەستان دەیانەوێ بە بایكۆت پرۆسەی پەروەردە پەك بخەن"

:: PM:10:00:06/02/2024 ‌

نووسەر و چاودێرانی سیاسی ئاماژە دەكەن كە مامۆستایانی بایكۆتكار، ئاگەداربن یان نا، بوونەتە بەشێك لە پیلان و ئەجێندای هەواڵگریی دەوڵەتانی دوژمن بۆ لێدان لە كەرتی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان، بەمكارەیان هەم داهاتووی خوێندكارانیان فەوتاند، هەم ئێستە قۆرخی ناڕەزایەتییەكەیان كراوە و وەك رەوت و ئاراستەیەكی سیاسی دەجووڵێنەوە و رەفتار دەكەن.

لەمبارەیەوە سۆران خاكی، نووسەر و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی ئێستە لە سلێمانی لەژێر ناوی بایكۆت دەگوزەرێت، هیچ مانایەك هەڵناگرێت، بەڵكو چووەتە چوارچێوەی پیلانگێڕییەكی قێزەون بۆ لەباربردنی پرۆسەی پەروەردە لە تەواوی سنوورەكە.

روونی كردەوە، هەر ئەوەش نا، بەڵكو دەستێكی هەواڵگری لەپشتەوەی ئەم بایكۆتە هەیە و دوژمنانی ئەم هەرێمە ئاراستەی دەكەن و پیلانگێڕییەكانی خۆیانی تێدا جێبەجێ دەكەن، بۆیە رۆژ دوای رۆژ ماسكەكان لادەچن و رووی راستەقینەی ئەوانەی رێبەرایەتی ئەم جووڵەیە دەكەن لەژێر ناوی بایكۆتەوە، ئاشكرا دەبێت كە لەكوێوە ئاراستە دەكرێن. 

"دوژمنانی گەلی كوردستان بە ئەنفال و كیمیاباران و قڕكردن و راگواستن و تەعریب و هێرشی ناپالمی سەردەم، هەروەها گوشاری ئابووری و بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان نەوەستان، ئێستە دەستیان خستووەتە ناو پرۆسەی پەروەردە و فێركردن و بەتەواوی خەریكی پەكخستنین، بۆ ئەوەی نەوەكانی ئەم گەلە نەخوێندەوار بكەن، بێگومان نەخوێندەواركردنی نەوەكانیش واتە دابڕینی ئەم گەلەیە لە هەموو جۆرە شارستانیەت و پێشكەوتنێك لە تەواوی دنیادا"، سۆران خاكی، نووسەر و چاودێری سیاسی وای گوت.

هەر لەمبارەیەوە سەرتیپ مەحموود، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو  مامۆستایانەی كە بایكۆت دەكەن ئاگەداربن یان بێ نا، بوونەتە بەشێك لە پیلان و ئەجیندای موخابەراتیی دەوڵەتانی دوژمن بۆ لێدان لە كەرتی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان، هەروەها بەم كارەیان هەم داهاتووی منداڵیان فەوتاند، هەم ئێستە قۆرخی ناڕەزایەتییەكەیان كراوە و وەك رەوت و ئاراستەیەكی سیاسی دەجووڵێنەوە و رەفتار دەكەن.

رای گەیاند، دابڕان و فەوتانی خوێندنی ئەمساڵ لە سنووری سلێمانی، لە رووی زانستییەوە  بەتەواوی كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی رۆشنبیری و خوێندەواریی منداڵان دروست دەكات، بەدرێژایی چەندان ساڵیش ئەو كاریگەرییە خراپە درێژە دەكێشێت، روون و ئاشكرایە كە بایكۆت هەر سەرەتاكەی بە ئاراستەیەكی سیاسی دەستی پێ كرد و دواجار سوود و قازانجەكەی چووە خزمەت بەرژەوەندیی چەند كەسێكەوە.

"هاوكات دەبوو مامۆستایان ئەو هۆشیارییەیان هەبوایە كە مافیان لای بەغدایە نەك كوردستان، هەروەها دەبوو هەر كاتی بڕیاردانی وەزارەتی پەروەردە بە پلەبەرزكردنەوەیان و دامەزراندنی وانەبێژان بە گرێبەست بایكۆت بشكایە نەك ئێستە كە زۆریش درەنگ بووە، كەواتە حكوومەتی هەرێم دووجار بێ تاوانە، یەكەم بەهۆی ئەوەی كە نەوت لای بەغدایە، دووەم كە بڕیاری داوە بەغدا شایستەكانی نارد دەستبەجێ داواكان جێبەجێ دەكرێن، بەڵام مامۆستایان كەوتوونەتە ناو پلانێكی تەواو سیاسی و هەواڵگری و دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی خوێندن لە سنووری سلێمانی بەكار دەهێنرێن.

جێی باسە هەشت مانگە مامۆستایانی سنووری سلێمانی لەماڵەوەن، نزیكەی پێنج مانگیشە بایكۆتی پرۆسەی خوێندنیان كردووە و دەوام ناكەن و مووچەش وەردەگرن، لە پرۆسەیەك كە بەتەواوەتی لە زیانی رۆڵەكانی كوردستان و داهاتووی خوێندكاران و كۆمەڵگەی كوردستانە.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت