شنە و بەیان كێشەكانیان لەسەر چییە؟

:: AM:10:03:07/02/2024 ‌
ماوەیەكە كێشە كەوتووەتە نێوان هونەرمەندان بەیان زەریفی و شنە حەسەن، ئەم دوو هونەرمەندە كە ساڵانێك پێكەوە كاریان كردووە، ئێستە شیر و تیر لێك دەسوون. بەیان دەڵێت، من ئامۆژگارییەكی ژنانەم كردووە تا تووشی هەڵە نەبێت، بەڵام ئەو هەڵە وەریگرتووە و بەخراپیش وەڵامی داومەتەوە.

بەیان زەریفی لەبارەی كێشەكانی لەگەڵ هونەرمەند شنە حەسەن دەڵێت، من هیچ كێشەم لەگەڵ كەس نییە، بەحیساب هەوڵم داوە وەك هاوڕێیەك ڕێنوێنیی پێ بدەم، بەڵام ئەو بەهەڵە تێگەیشتووە. 

بەیان زەریفی لەبارەی كێشەی نێوان هونەرمەندانی ژن دەڵێت، ئەگەر قسەیەكی خێرت بۆ كرد و بەڕۆحێكی پاكەوە وەریگرت دیارە هاوڕێین، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەكی تر وەریگرت، دەبێت لێی دوور بكەویتەوە، من لە كاری هونەریدا ڕێنوێنیی شنەم كردووە تەنیا لەبەر ژنێتی خۆی، ئامۆژگاریم كردووە.

بەیان ئاماژە بەوەش دەكات كە شنە لای ئەو ئەكتەرێكی باشە، بەڵام وەك هاوڕێ ئیتر هیچ پێوەندیی بەمنەوە نەماوە، چونكە  لەبری ئەوەی ئاوا وەڵامم بباتەوە، دەبوو سوپاسم بكات.

شنە حەسەنیش لە وەڵامی ئەو قسانەی بەیان زەریفیدا دەڵێت، بەیان حەسوودی بەمن دەبا لەبەرئەوەی كاری پێ نادرێت، بۆیە پەلاماری من دەدات. 

شنە و بەیان دوو هونەرمەندی دیاری سلێمانین، ماوەیەكی زۆریش لە چەندان كاردا پێكەوە كاریان كردووە، بەڵام ئەو ماوەیە كە بەهۆی ئەوەی بەیان چەند ئامۆژگاریییەكی ژنانەی شنەی كردووە كە هەندێك شت بۆ ئەو خراپە پێویست نییە بیكات، لەسەر ئەوە شنە لێی تووڕە بووە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەیەكی توند هێرش دەكاتە سەری.



وشە - سۆران عەزیز