''بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەرکەوت عێراق بەرانبەر ھەرێم تاوانبارە''

:: PM:04:30:07/02/2024 ‌
بەرپرسی پەیمانگەی کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان پێی وایە باسکردن و نەناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە لایەن عێراقەوە ئەوە دەردەخات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سیاسەتێکی ڕاستی پێڕەو کردووە .

نەسرەت سۆفی بەرپرسی پەیمانگای کوردستان بۆ پرسە سیاسیەکان بۆ "وشە" گوتی، ئەگەر خوێندنەوەیەکی ورد و زانستییانە بۆ ئاڵۆزییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بە تایبەتی لە دوای 2002 بکەن بۆیان دەردەکەوێت ئەو عەقلیەتەی لە عێراق حوکم دەکات بڕوایان بە عێراقێکی مەرکەزی ھەیە  و پابەندی دەستووری عێراق نابن کە زۆرینەی خەڵکی عێراق دەنگی پێداوە تەنیا وەکو کاغەزێک وایە و یەک بڕگەی جێبەجێ نەکراوە.

 لە دوای راگرتنی هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، فشارێکی زۆری ئابووری لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە و ڕاستە ھەندێک داھاتی ناوخۆ هەیە، بەڵام بەشی مووچە و ئیدارەدانی حکوومەت ناکات، بۆیە ئەو دەسەڵاتەی لە عێراق ھەیە دەیانەوێت ھەرێمی کوردستان نەمینێت و دەستەڵاتەکانی تەنیا شکڵیی بن ، چونکە بروایان بە سیستمی فیدراڵی نیە و بروایان بە سیستمی ناوەندی ھەیە.

نەسرەت سۆفی گوتیشی، ئەرکی  عێراقە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان رەوانە بکات و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش تەواو پابەندی رێککەوتنەکانە و ھەر داواکارییەکیش ھەبووە ھەرێم جێبەجێی کردووە و بیانووەکانیش یاسایی نین.

ناکرێت ئەوان بەو شێوەیە مامەڵە بکەن، چونکە بەزۆر دەیانەوێت بمانکەنە عێراقی
ئەو دەڵێت'' ناکرێت ئەوان بەو شێوەیە مامەڵە بکەن، چونکە بەزۆر دەیانەوێت بمانکەنە عێراقی و ھیچ مافێکیشمان پێنادەن ، کە لەھیچ وڵاتێک بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەری ئاسایی ناکرێت ونابیت ببنە قوربانیی ململانێی سیاسی .''

بە گوتەی بەرپرسی پەیمانگەی کوردستان، ئەوانەی وا ھەست دەکەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داھاتێکی زۆری لەبەردەستدا ھەیە و دابەشی ناکات ئەوە ڕاست نییە، خەڵک متمانەی تەواوی بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە و دەرکەوت سەرۆکی حکومەت و حکوومەتی ھەرێم ھەنگاوی دروستیان ناوە بەرانبەر عێراق وسیاسەتی سەرۆکی حکوومەتیش حەکیمانە بووە و بیانووی بۆ عێراق نەھێشتووەتەوە کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش باس لەوە کرا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندە، بەڵام عێراق مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان رەوانە ناکات ئەوەش یەکەم جارە ئەوە بکرێت کە ئەمە نیمچە بڕیارێکە وعێراق تاوانبار دەرکەوت.

وەک زیاتر خستیە روو، خەڵکی کوردستان ئامادەیە مردن ھەڵبژێرێت نەک ئیرادە وشکۆی بشکێت، چەندان ساڵە ستەممان لێ دەکرێت خەڵک بەرگەی ھەموو ئازارێکی گرتووە کە خاک وحکوومەتی خۆی خۆش دەوێت وئەوەی ئەوانیش دەیکەن  سیاسەتی برسیکردنە و هیچی لە ئەنفال وکیمیابارانکردن کەمتر نییە .

هەولێر\بڵند ئیبراھیم



وشە - تایبه‌ت