کۆریاى باشوور... بەرانبەر خستنەوەى منداڵ پاداشتى دارایی فەرمانبەران دەکرێت

:: PM:07:31:07/02/2024 ‌

کۆمپانیایەکی کۆریای باشوور لەپێناو بەرزکردنەوەى رێژەى منداڵبوون لە وڵاتەکەى بەنیازە بەرانبەر خستنەوەى منداڵ، چەندان ملیۆن دۆلار بۆ کارمەندەکانى خەرج بکات.

کۆمپانیای Boeung Group کۆمپانیایەکی بیناسازییە و بنکەی لە سیئۆلی پایتەختە، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، پلانیان هەیە بۆ لەدایکبوونى هەر منداڵیک، بڕی 75 هەزار دۆلار وەک پاداشت ببەخشن بە کارمەندەکە.

کۆمپانیاکە ئاماژەی کردووە، بۆ ساڵى 2021 حەوت ملیار وۆنی کۆری (5,25 ملیۆن دۆلار)یان بەخشیوە بە کارمەندەکانیان، کە لەم ساڵەدا بوونەتە خاوەنى 70 منداڵ، ئەم هاوکارییەش بۆ سەرجەم کارمەندەکانە چ ژن بێت یان پیاو.

"لی جۆنگ کیون" سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە دەڵێ، ئێمە پشتگیرى دارایی پێشکەش بە کارمەندەکانمان دەکەین بۆ کەمکردنەوەى بارگرانیی داراییان لە پەروەردەکردنى منداڵەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکە رۆژى دووشەم ئاهەنگێکى رێکخستووە بۆ ئەو کارمەندانەی سێ منداڵیان هەیە، تێیدا سەرپشکیان کردوون لەنێوان وەرگرتنی 225 هەزار دۆلارى کاش یان وەرگرتنى خانوو، ئەگەر حکومەت زەوییان بۆ دابین بکات.

کۆریای باشوور ژمارەی دانیشتووانی 51 ملیۆن کەسە، ئێستە رووبەڕووی تەنگژەى بەساڵاچوونى دانیشتووانەکەى بووەتەوە و کەمترین ڕێژەی لەدایکبوون لە جیهاندا لەم وڵاتەیە، چونکە ژنەکان کار دەکەن و لایان باشترە سەرنجیان لەسەر کارەکەیان بێت.

لە ساڵى 2022 رێژەى لەدایکبوون بەرانبەر ژمارەى ژنان لە کۆریاى باشوور، بۆ هەر ژنێک لە ژیانیدا گەیشتە نزمترین ئاست کە رێژەکەى 0,78 بوو، ئامارەکان پێشبینى دەکەن ئەم رێژەیە لە ساڵى 2025 دابەزێ بۆ 0,65 ئەمە لە کاتێکدا رێژەى منداڵبوون بۆ هەر ئافرەتێک بۆ پاراستنى سەقامگیری دیمۆگرافى وڵات، پێویستە بە رێژەى 2,1 بێت.


وشە - رزگار خدر