بەگوتەی شارەزایان كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر كارێكی كردبێت، لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بووە، كار بۆ ئەوەی كراوە كە تەواوی ئەو كارنامەی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان ئامادە كرابوو، كاری لەسەر بكرێت و هەموو ئەو پڕۆژە و كارانەی دەكرێن، بۆ خزمەتكردن و جێبەجێكردنی داواكاریی هاووڵاتییان بێت.
پێوەست بەو بابەتە دڵشاد نامیق، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی گوت، بۆ چارەسەری كێشەكان سەرۆكی حكوومەت هەمیشە لەگەڵ بەغدا هەوڵی داوە، لە سەرەتای دەستبەكاربوونی داوای چارەسەری كێشەكانی بەپێی دەستوور كردووە، هەمیشە نیازپاكیی خۆی لەپێناو نەهێشتنی كێشەكان نیشان داوە، كەچی بەغدا دەیەوێ كوردستان بەتەواوی بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، ئەوەتا مووچە لای خۆیانە و نەینێرن یان دوای بخەن خۆ هیچیان لەدەست نایەت، رەنگە هەموو مانگێك شتێك بكەنە بیانوو بۆ دواخستن یان نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوانەشی كە دەیانگوت بەغدا زۆر باشتر دەمانژیێنێت، ئەوانە كۆمەڵێك دژەكوردن و رۆڵێكی خراپی دەگێڕن.
روونی كردەوە، لە هەموو قۆناغەكاندا ئەوە روون بووە كە پەرتەوازەیی لەناو ماڵی كورد، كاریگەریی خراپی لەسەر پێگەی كورد هەبووە، شێوازی دوو ئاراستە كاركردن و نەبوونی یەك بەرنامە و یەك گوتار، وای كردووە دوژمن زیاتر كار بۆ لێدانی لە حكوومەت و قەوارەی كوردستان بكات، هەروەها كاریگەریی وڵاتانی هەرێمی لەسەر هەندێك لایەن، زۆر بەئاشكرا رەنگی داوەتەوە، پێشخستنی بەرژەوەندییە حزبییەكان پێش بەرژەوەندییە گشتییەكان دیسان كاریگەریی خراپی هەبووە.
لای خۆیەوە عەدنان ئەحمەد، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەت هەر كارێك بكات لە بەرژەوەندی خەڵك دەیكات، چونكە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی كە پێش هەڵبژاردن بە خەڵكی داوە، كاتێك حكوومەت بەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ بكات، متمانەی زیاتر لای خەڵك وەردەگرێت، ئەوەش رێگە راستەكەیە، بۆیە ئەوەی خەڵك لە حكوومەتی چاوەڕێ دەكات، خزمەتكردن و گرنگیدانە بە خزمەتگوزاری و پڕۆژەكان و دابینكردنی خۆشگوزەرانییە، بەگشتی حكوومەت ئامانجی ئەوەیە خەڵك بگەیەنێتە ژیانێكی ئارام و سەقامگیر لەپاڵ خزمەتكردنیان.
هەر سەبارەت بە بابەتەكە د. جیهاد حەسەن، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، حكوومەتی خۆمان لەهەر چی حكوومەت و دەسەڵاتی تر هەیە باشترە، حكوومەت حكوومەتی خۆمانە، ئەگەر هەوڵ بدەین بۆ باشتركردنی، هیچ كات هەوڵ نادەین بۆ رووخاندن و بێدەسەڵاتكردنی، بەڵام هەمیشە كۆمەڵێك هەن بەو ئاراستە كار دەكەن كە رەنگە بەرژەوەندییان لەوەدا بێت، خراپترین دەسەڵاتی خۆمان لە باشترین دەسەڵاتی عێراق باشترە، بۆیە هەر هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی حكوومەتی هەرێم، پشتكردنە لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان و پێشخستنی بەرژەوەندییە حزبییەكانە پێش بەرژەوەندییەكانی تر، بۆیە دوژمن بەدوای ئەوەیە چۆن بتوانێت لاوازمان بكات و كەسانێك لە ناوخۆ بەرانبەر بە خۆمان بەكار بێنێت.
روونی كردەوە، كاری لەپێشینەی حكوومەت گرنگیدانە بە داواكاری و بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، سەرۆكی حكوومەت لەماوەی چەند ساڵی رابردوو تا ئێستە، راستەوخۆ لەناو خەڵك و چین و توێژەكانی ئامادە بووە و لە نزیكەوە ئاگەداری كار و كێشە و خەمی هاووڵاتییان بووە، ئەمەش وای كردووە ئەگەر كێشەیەك هەبێت خۆی ئاگەدار بێت.
"هەروەها حكوومەت باشتر كاری بۆ ئەوە كردووە كە هاووڵاتییان ئاسودە بن، ئەوەش دوای ئەوە مامەڵە خراپەی بەغدا لەگەڵ هەرێم، بەڵام ئەو هەوڵانەی كە هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەكان داویەتی، هیچكات بەغدا نەیداوە و بگرە هەوڵی زیاتر دروستكردنی كێشەی داوە"، د. جیهاد حەسەن، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان وای گوت.
وشە/ تایبەت