عامر خان بۆ ئەوەی دایكی بباتە حەج بەرهەمهێنانی فیلمەكەی ڕاگرت

:: AM:10:14:08/02/2024 ‌
هونەرمەندی دیاری سینەمای هیندی عامر خان ڕای گەیاند، تا بتوانم خەونی دایكم جێبەجێ بكەم، وازم لە كاری بەرهەمهێنانی فیلمەكانم هێنا، دایكم دەمێكە خەونی ئەوەبوو بچێتە حەج، بۆیە ئەركی من بوو ئەو خەونەی بۆ بێنمە دی.

عامر خان دەڵێت، دایكم لە فیلمەكان و ژیانیشم گرنگترە، كاتێك پرسیاری دایك لە عامر خان دەكەن لە وەڵامدا دەڵێت، ویژدانم ئاسوودەیە، چونكە دایكم خەونێكی هەبوو ئەویش چوونی بوو بۆ حەج و بینینی ماڵی خودا بوو،  بۆیە من پێشتر ئەو خەونەیم بۆ بەدی هێنا و هەموو فیلمەكانم بەجێهێشت، ئێستە ئەوەی دەمەوێ سێبەری ئەوە لە ژیانمدا، داواتان لێ دەكەم بەر لەخەون و ئارەزووەكانی خۆتان، دڵی دایكتان ڕازی بكەن.

محەمەد عامر حوسێن خان ئەكتەر و دەرھێنەر و بەرھەمھێنەرێكی ھیندییە كە یەكێكە لە ئەكتەرە دیار و ناسراوەكانی سینەمای ھیندی. عامرخان لە دایكوباوكێكی موسڵمان لە هیندستان لەدایك بووە، تا ئێستەش  پێڕەوانی لە ئایینی ئییسلام دەكات.

یەكەم فیلمی عامر خان لە ساڵی 1973 بە ناوی (Yaadon Ki Baaraat) بوو، كاری دەرھێنانی ئەو فیلمە لەلایەن مامی عامرەوە كراوە كە ناوی ناسر حوسێنە، لەگەڵ ئەوەی لە 1973 بەشدار بووە لە فیلم وەك ئەكتەر، بەڵام ئەو لە دواین فیلمەكانی سەركەوتووتر بووە كە ھەمیشە فیلمە نوێیەكانی لە ڕیزبەندی پێشەوەی بۆكس ئۆفیسی ھیندستانن، لە باشترین فیلمەكانی كە ڕێكۆرد و خەڵاتی زۆریان بردەوە، یەكێكیان بە ناوی (Ghajini) كە ئەم فیلمەیان لە ساڵی 2008 لە سینەما پێشان درا، تا ماوەیەكی درێژ سەرووی بۆكس ئۆفیسی ھیندستانی گرت، فیلمی (idiots 3 - سێ گەمژە) كە ھەر لەلایەن عامر خانەوە ڕۆڵی سەرەكی بینرا، خەڵاتی  فیلمی بۆكس ئۆفیسی وەرگرتووە، لە ساڵی 2013 عامر خان لە زنجیرەی سێیەمی فیلمی (Dhoom 3) دا سەركەوتنێكی مەزنی بەدەست ھێنا، ئەگەرچی فیلمەكە لە ساڵی 2013 دەرھات، بەڵام تا كۆتاییەكانی 2014 ھەر بەردەوام بوو، بەمەش توانی سەرووی ڕیزبەندی بۆكس ئۆفیس لە ھیندستان بەكۆكردنەوەی 68 میلیۆن دۆلاری ئەمەریكی پارەیەكی باشی دەست بكەوێت.



وشە - سۆران عەزیز