دانا ڕەئووف شانۆنامەیەكی چوار بەشی بەناوی "لێكترازان" بڵاو كردەوە

:: AM:10:26:08/02/2024 ‌
دانا رەئووف بەردەوام بەكارە نوێیەكانی لە بواری دەقی شانۆیی، كتێبخانەی كوردی لە بواری شانۆ دەوڵەمەند كردووە، لێكترازانیش نوێترین كتێبیەتی كە بریتییە لە شانۆنامەیەكی چوار بەشی.

دانا رەئووف بۆ "وشە" دەڵێت، لێكترازان شانۆنامەیەكە لە چوار بەش پێكهاتووە، بەڵام بەشەكان بە وەرزەكانی ساڵ دەستنیشان كراون، زەمەن لەم شانۆنامەیەدا لە ئاراستە ئاسۆییەكەی خۆی لای داوە و بەشێوەیەكی جیوەیی ڕووداوەكان بەڕێوە دەبات‌.

دانا باس لەوە دەكات كە ئەوەی دەبێتە سیمبولی ئەم زەمەنە پێچاوپێچە كارەكتەری فریشتەكەیە، كە لە یەك كاتدا زۆر بەوردی چاودێری ڕووداوەكان دەكات و شایەتحاڵ و بەشداریشە لەو ڕووداوانەدا‌، بۆیە لەگەڵ ڕەوتی زەمەنەكە، لە كوڕێكی گەنجەوە دەبێتە پیاوێكی پیر، ئەم فریشتەیە لە سەرەتای شانۆنامەكەدا دەبێتە هاوڕێی كچێك كە سەر بە خێزانێكە لە زۆر كێشە ئاڵاوە، لە سەرێكەوە دایكەكە لەگەڵ پیاوێكی تر لە پێوەندییەكی سۆزداریدایە و ئەم پێوەندییە وەك خەمێكی گەورە، بەرەبەرە باوكەكە بەرەو مەرگ دەبات و دواجار دایكەكەش بەم پێوەندییە ئاسوودە نابێت. 

لە سەرێكی تریشەوە،‌ كچەكە خۆیشی پێوەندیی لەگەڵ شاعیرێك هەیە كە هیچ ئاسۆیەكی ڕوونی تێدا نابینێت، گیرۆدەی خۆشەویستییەكی ناكام و بێ ئەنجامە، لە كۆتاییدا فریشتەكە كە بە هەموو ئەم شتانە دەزانێ، بە ڕووت و قووتی بەجێیان دێڵێت و ئەو بیرۆكەیە بەرجەستە دەكات كە زەمەن هەموو شتێك لە مرۆڤ دەسێنێتەوە.

لێكترازان 171 لاپەرەیە، نوێترین كتێبی دانا رەئووفە كە بەهەوڵە باشەكانی لە بواری شانۆدا كتێبخانەی كوردی دەوڵەمەند كردووە. دانا رەئووف ئەم كتێبانەی تریشی تا ئێستە بڵاو كردوونەتەوە كە هەموویان دەقی شانۆیین.

چیرۆكەكانی با، دەقێكی كورت و دوو سێینە لە خۆ دەگرێت
دوایین وێستگە، دە دەقی كورت 
ئێوارەی بەر لە كۆتایی، سێینە
بەرەو كەنار
بەرلەوە بە جیا
من و تۆ لەگەڵ بادا
وەك ئەوەی ژیان لەوێ بێت، سێینە
بێ ئەوەی هەستی پێ بكەین، تاریك داهات



وشە - سۆران عەزیز