ماسییەكەی ناو لمی بیابانی سعوودیە راستی بوو

:: AM:10:07:09/02/2024 ‌
لە ماوەی رابردوو گرتە ڤیدیۆییەك بڵاو كرایەوە گوایە لەناو لمی بیابان ماسی دۆزراوەتەوە، ئەوەیش لەلایەن چەندان فەلەكناس بە نیشانەكانی كۆتایی دنیا لێكداریەوە، بەڵام زانست شتێكی پێچەوانە دەڵێت.

گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەتەوە، مشتومڕێكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، كە بوونی ماسی لە بیابانی وشكی سعوودیە بوو.

میدیاكانی سعوودی بۆ زانینی ڕاستییەكانی ئەو بابەتە پێوەندییان بە دكتۆر عەلی ئەلشێخی كرد كە بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پەرەپێدانی كەرتی ماسییە لە سعوودییە.

ئەو دەڵێت، ئەم جۆرە ماسیانە سیەكانی جیاوازە لەگەڵ ماسی تر و سیی ساختەی هەیە كە یارمەتیان دەدات بۆ ماوەی هەشت سەعات لە دەرەوە بمێنێتەوە.

باسی لەوەش كردووە، ئەم جۆرە ماسییە لە دەریاچەی باكوری ئیستواییدا دەژی، و لە وەرزی هاویندا بەر وەرزی وشكەساڵی دەكەوێت، خۆی دەگونجێنێت و چینێكی چەسپاو لە دەوری خۆی دەردەدات كە وای لێ دەكات بە زیندووی بمێنێتەوە بە درێژایی ماوەی وشكەساڵی و بۆ ماوەیەك كە ڕەنگە بگاتە هەشت مانگ.

بە گوتەی شێخ دوای كۆتایی هاتنی ماوەی وشكەساڵی و بارانبارین، ئەو ماسیە دەست دەكات بە دەركەوتن و لەگەڵ ڕەوتی ئاودا مەلە دەكات و بەدوای خۆراكدا دەگەڕێت و ئەمەش لە ساڵانی ڕابردوو ڕووی دا.

ئیبراهیم قابیل پسپۆڕی ژینگەی دەریایی لە سەنتەری نیشتمانی بۆ گەشەپێدانی گیانلەبەرە كێوییەكان، دەڵێت، ئەم ماسییە بەشێوەیەكی سەرەكی بۆ مەبەستی بەخێوكردنی بۆ خۆراكی ماسی هێنراوەتە سعوودیە و لە كێڵگەكان بڵاوە.

ئاماژە بەوە دەكات كە لە كاتی لافاودا ئەم ماسیانە دەجوڵێن یان لە كێڵگەی ماسی هەڵدێن تا دەگەن  بە شوێنێنی وشكانی، هەروەها ئەم ماسییە خۆگونجاندنێكی تایبەتی هەیە كە وا دەكات لەو ناوچە بیابانانەدا بوونی هەبێت، كە خەڵك وەك لە گرتە ڤیدیۆكە دیارە دەیدۆزنەوە.

لە پێشوو زانراوە كە ماسی تەنیا لە ژینگەی ئاوییدا دەژی، و مەحاڵە بۆ ماوەیەكی زۆر بە زیندووی لەسەر وشكانی بوونیان هەبێت.



وشە - رامیار جەواد