فیفا هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەبارەی سزای نوێی كارتی شینەوە راگەیاند

:: PM:05:03:09/02/2024 ‌
یەكێتی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ " فیفا" رەتی كردەوە كە لەلایەن یەكێتییەكەیانەوە سزای كارتی شین پەسەند كرابێت، كە ئەم سزایە رێگەی بە ناوبژیوان دەدا كارت بەرانبەر ئەو یاریزانانە بەرز بكاتەوە كە سەرپێچی ئەنجام دەدەن و بۆ ماوەی 10 خوولەك لە یاری كردن دایدەبڕاند. 

ئەمڕۆ هەینی نۆی شوباتی 2024، "فیفا" لە تۆڕی كۆمەڵایەتی X /توویتەری پێشوو/ بڵاوی كردەوە، هەموو ئەو راپۆرت و هەواڵانەی لەبارەی پەسەندكردنی سزای كارتی شینەوە بڵاو دەكرێنەوە، ناڕاستن و هەواڵی بێ بنەمان. 

لە روونكردنەوەكەی فیفا هاتووە، هەر تاقیكردنەوەیەكی لەوجۆرە پێویستە پێش پەسەندكردنی لەسەر ئاستی خواروو تاقی بكرێتەوە و فیفا بۆ ئەم مەبەستەیش هەڵوێستی خۆی لە كۆبوونەوەی گشتیی مانگی داهاتوو رادەگەیەنێت لەمبارەوە. 

ئەم روونكردنەوەی "فیفا" لەكاتێكدایە، رۆژنامەی "تێلیگراف"ی بەریتانی بڵاوی كردبووەوە كە یاسادانەرانی تۆپی پێ لە دەستەی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی IFAB بە فەرمی گشتاندنی ئەزموونی "كارتی شین"ی لە یاریگاكانی تۆپی پێ راگەیاندووە. 

رۆژنامەكە سزاكانی كارتی شینی روون كردووەتەوە كە بەرانبەر هەر یاریزانێك بەرز بكرێتەوە لەلایەن ناوبژیوانانەوە، 10 خوولەك لە یاری دوور دەخرێتەوە و دواتر دەگەرێتەوە ناو یاریگا. 

لە وردەكاریی یاساكانی تری كارتی شین هاتووە كە هەر یاریزانێك دوو كارتی شین لە یەك یاری وەربگرێت، بە مانای دەركردن و كارتی سوور دێت، بە واتایەكی تر دوو كارتی شین یەكسانە بە كارتی سوور. 

ئاماژە بەوەیش كراوە، كارتێكی شین و كارتێكی زەرد لە یەك یاریدا، بە هەمان شێوە یەكسانن بە كارتێكی سوور و دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی یاریزان لە یارییەكە. 

گاردیان ئاشكرای كردووە، قۆناغی یەكەم ئەم سزا نوێیە رەنگە لەسەر جامی یەكێتی ئینگلترا تاقی بكرێتەوە و ئەنجام بدرێت و لە سەرەتادا لە یاریی و پێشبڕكێ گەورەكان جێبەجێ ناكرێت.


وشە - پۆڵا مەحموود