سامسۆنگ مۆڵەتی كاركردنی وەرگرت و سەعاتێكی داهێنا كە خاوەنەكەی لە مردن رزگار دەكات

:: PM:11:25:09/02/2024 ‌
كۆمپانیای سامسوونگ، لقی " سامسوونگ وۆتچ" توانی رەزامەندی لە ئیدارەی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكا وەربگرێت، بۆ زیادكردنی تایبەتمەندیی بۆ كاتژمێرەكانی، كە خاوەنەكەی لە ژمارەی پچڕانەكانی هەناسەی لەكاتی خەودا ئاگەدار دەكاتەوە و دەیانژمێرێت. 

نەخۆشیی وەستان یا پچڕانی هەناسە OSA، نەخۆشییەكی باوە لە دنیا و  لە ئەگەری بەردەوامیی و زۆری رێژەكەی، دەبێتە هۆی مردن، بە زۆری لە ئەنجامی كەمی خەو و ماندوویێتی و كەمیی رێژەی ئۆكسجین لە خوێن تووشی كەسەكان دەبێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشییەكانی دڵ و مەترسی تووشبوونیش بە جەڵتەی دڵ و مێشك زیاد دەكات و زۆربەی ئەوانەی تووشی نەخۆشییەكە دەبن ئەگەر زوو چارەسەر وەرنەگرن دەبێتە هۆی مردن.

كۆمپانیاكە لە بەیاننامەیەكیاندا كە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیان بڵاویان كردووەتەوە هاتووە، كۆمپانیاكەمان توانی تایبەتمەندییەك بۆ بەشی چاودێری كردنی تەندروستیی samsung health monitor زیاد بكات و بریتییە لەوەی كە شەوانە ژمارەی پچڕانەكان لە هەناسەی ئەو كەسە دەستنیشان بكات كە كاتژمێرەكە لە دەست دەكات و ئاماژەیشی كردووە بۆ ئەم تایبەتمەندییە رەزامەندیی ئیدارەی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكا "FDA"ـمان وەرگرتووە. 

وەرگرتنی رەزامەندی FDA بەو مانایە دێت، كە كاتژمێرەكە بە تەواویی و بەپێی پێوەرە تەندروستییەكان كارەكانی خۆی بە مەبەستی چاودێری خاوەنی كاتژمێرەكە ئەنجام دەدات. 

ماڵپەری "تێچ كرانیش"ی ئەمەریكی لەمبارەوە بڵاوی كردەوە، بە داهێنانی ئەم كاتژمێرە، یاساكانی یارییەكە بۆ ملیۆنان كەس دەگۆڕدرێ، بەو پێیەی پچڕانی هەناسە لەكاتی خەودا كێشەیەكی باوە لە تەواوی دنیا و هۆكارێكی باوی مردنە، ئاماژەیشی بە داتای ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەساڵاچووانی ئەمەریكی كردووە كە 39 ملیۆن ئەمەریكی بە دەست پچڕانی هەناسەوە لەكاتی خەودا دەناڵێنن. 

لەلایەكی ترەوە لەسەر ئاستی دنیادا زیاتر لە 936 ملیۆن كەس ئەم كێشە تەندروستییەیان هەیە و ئەمەیش ژمارەیەكی گەورەیە، بە تایبەت بۆ كێشەیەكی وا باو كە دەبێتە هۆی مردن. 

لای خۆشییەوە ئەكادیمیای ئەمەریكی بۆ پزیشكیی لەبارەی پچڕانی هەناسە لە شەواندا رای گەیاندووە، مەترسیی و خراپی ئەم نەخۆشیە ئەوەیە كە لای زۆربەی ئەوانەی نەخۆشییەكەیان هەیە حالەتەكە ناتوانرێ دەستنیشان بكرێت و ئەو ژمارەیشی كە راگەیەنراوە بە  %80ی تووشبووان خەمڵاندووە. 




وشە - پۆڵا مەحموود