بۆچی ئەمەریكا و ئێران دۆخی ناوچەكە بەرەو شەڕ و پەرەسەندنی زیاتر نابەن؟

:: PM:07:01:10/02/2024 ‌

لەوكاتەی بەشێك لە شارەزایان باسی ئەوە دەكەن كە ئەگەری هەیە دۆخی ناوچەكە بەرەو پەرەسەندنی زیاتری شەڕ و ململانێ، بەتایبەتی لەنێوان ئەمەریكا و ئێران و میلیشیاكانی بچێت، شارەزای تر دووپاتی دەكەنەوە كە نە ئەمەریكا و نە ئێران و نە میلیشیاكانیش نایانەوێ دۆخەكە بەرەو شەڕ ببەن، هەریەكەیان هیڵی سووری یەكتر دەزانن و نایبەزێنن، بۆیە ئەو كردنەئامانجی بەرپرسانی مەیدانی میلیشیاكانی روودەدات، شتێكی ئاساییە و كوشتنی تری بەدواوە دێت.

لەماوەی رابردوو، بەتایبەتی لەدوای هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023، جیا لە شەڕ و بۆردمان و كوشتن و وێرانیكارییەكانی كەرتی غەزە، قۆناغێكی تری شەڕ دەستی پێ كرد، بەتایبەتی كاتێك ئێران لە رێی میلیشیاكانی و بەناوی پاڵپشتی بۆ غەزە، كەوتە هێرشكردن بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا، ئەوەش وای كرد ئەمەریكا و ئیسرائیل پەنا بۆ خاڵی لاوازی ئەوان ببەن، كە بەرپرسانی سەربازیی میلیشیاكانە و لە شوێنی خۆحەشاردانیان بیانەكەنە ئامانج، ئەو هێرشانەش زیاتر بۆ كوشتنی بەرپرسە كاریگەرەكان و ترساندنی ئەوانیترە بۆ دەستهەڵگرتن لە هێرشەكانیان.

لەماوەی رابردوو ئیسرائیل رەزی مووسەوی، گەورە سەركردەی سەربازیی سوپای پاسدارانی لە سووریا كوشت، جیا لە كوشتنی ساڵح عارووری، كەسی دووەمی حەماس لەناو جەرگەی دەسەڵاتی حزبوڵای لبنانی لە باشووری بەیرووت، هەروەها كوشتنی ویسام تەویڵ، فەرماندەی فرقەی رەزوانی حزبوڵا لە باشووری لبنان، ئەو فرقەی ئامادەكراوە بۆ شەڕی ئیسرائیل، ئەمەریكاش هەفتەی رابردوو لە تۆڵەی كوژرانی سێ سەربازی لە ئوردن، ئەبو باقر ساعیدی و ئەركان عەلیاوی، دوو بەرپرسی سەربازیی كەتیبەكانی حزبوڵا و بەر لەوانەش لە چەند هەفتەی رابردوو بەرپرسی سەربازیی بزاوی نوجەبای لە بەغدا كوشت، بەكورتی ئەمەریكا و ئیسرائیل پەیامێكیان گەیاند بەوەی كوشتنی بەرپرسانی ئەو میلیشیایانە لەسەر هەموو ئاستەكان بۆ ئەوان زەحمەت نییە و توانا و ئامراز و زانیاری تەواویان هەیە و دەستیان بەوان دەگات و بەوردی دەیانكوژن.   

ئەمەریكا دەیەوێ بە گوشارەكانی ورە و متمانەی ئەو میلیشیایانە لاواز بكات، كاتێك هەڕەشەكانی وای كردووە سەركردە باڵاكانیان خۆیان حەشار بدەن و كار بە فەرماندە مەیدانییەكان بكەن، كە ئەمەریكا دەیانكاتە ئامانج، بۆیە ئەمەریكا ئەو تەكتیكە لە عێراق بەكاردێنێت، بۆ خۆلادان لە شەڕێكی كراوە لەگەڵیان، هاوكات وەستانی هێرشەكانیان بۆ سەر بنكەی سەربازییەكانی ئەمەریكا.

هەیسەم حەسوون، شارەزای سەربازی و ستراتیجی دەڵێت، ئەو هەوڵانەی ئەمەریكا تەنیا بۆ پارێزگاریكردنە لە شكۆی خۆی لە ناوچەكە، لەبەرانبەر هێرشی میلیشیاكان، بۆیە ئەو كوشتنانەی ئەنجامیان دەدات جۆرێكە لە سەركەوتن، چونكە ئەمەریكا دەیەوێ هێرشی سەر هێزەكانی بوەستێنێت.

لای خۆیەوە مایكل بریجینت، توێژەر لە پەیمانگەی هدسۆن و كارمەندی پێشووی هەواڵگریی سەربازی دەڵێت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكە، ئیدارەی سەرۆك بایدەن سەرنجی خستووەتە سەر بەرپرسانی كەتیبەكانی حزبوڵا و پاسدارانی ئێران، بۆیە ئەوانەی ناویان لە لیستی تیرۆرە، ئامانجی ئەمەریكان، ئەوەی لە عێراق روودەدات لە كردنەئامانجی بنكە سەربازییەكانی ئەمەركیا بەهۆی دەستسووكیی سیاسەتوانانە لە كۆشكی سپی، كاتێك ئێران و میلیشیاكانی سووكایەتی بە هێزەكانی ئەمەریكا دەكەن.

ژمارەیەك چاودێر لە ئەمەریكا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە دروستبوونی كێشە لە توانای بەرەپەرچدانەوەی ئەمەریكا هی سەردەمی بایدن نییە، بەڵكو بۆ سەردەمی باراك ئۆباما دەگەڕێتەوە، جەنەراڵ جۆزیف ڤۆتیل، فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، ئەوكاتەی ئۆباما بڕیاری دا سەرنج بخرێتە سەر هەردوو زەریای هێمن و هیندی بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی چین، بۆشایی لە ناوچەی كەنداو دروست بوو، ئەوەش رێی بۆ ئێران و ملیشیاكانی خۆش كرد بۆ بڵاوبوونەوە لەو ناوچەیە، ئۆباما گرنگی زیاتری بە كۆنترۆڵكردنی بەرنامەی ئەتۆمی تاران دا و مەترسیی میلیشیاكانی پشتگوێ خست، كە ئێستە بوونەتە هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆ ئەمەریكا و بەرژەوەندییەكانی، ئەوەش پێویستی بە جووڵانەوەیەكی توند و بەپەلە هەیە.

لە سەردەمی ئۆباما چەكێكی زۆری پێشكەوتوو كەوتە دەستی حەشدی شەعبی بەناوی شەڕی داعش لە عێراق و سووریا، لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپیش، رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران هەڵوەشایەوە و قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی كوژران، ئەگەرچی هێرشی تر نەكرایە سەر میلیشیاكان، بەڵام شێوازی كاری ترەمپ، وای كرد ئێران و ملیشیاكانی حیساب بۆ هەڕەشەكانی بكەن و چالاكییەكانیان لە كەنداو و ناوچەكە بوەستێنن. 

ئەوەی هەیە واشنتن خۆی لە شەڕ لەگەڵ ئێران دەپارێزێت، هاوكات تارانیش نایەوێ و ناتوانێت راستەوخۆ رووبەڕووی ئەمەریكا ببێتەوە، بەڵكو دەیەوێ لە رێگەی میلیشیاكانییەوە گوشار بخاتە سەر واشنتن و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە، لەبەرانبەر ئەو ویستەی ئێران، ئەمەریكا دەیەوێ مەترسی و گوشاری میلیشیاكانی ئێران كۆنترۆڵ بكات، بەڵام هاوكات پێویستی بە مانەوەی ئەو مەترسییەی میلیشیاكان هەیە بۆ ئاسانكردنی پرۆسەی ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل و سازكردنی رێككەوتنی بواری بەرگری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، هاوكات ئێران سوود لەو چاوپۆشییەی ئەمەریكا دەبینێت بۆ ئەوەی ملیشیاكانی كۆنترۆڵی وڵاتانی ناوچەكە بكەن، وەك نەوت و بازرگانی، بۆیە ئەو پەرەسەندنەی باسی لێوە دەكرێت لە بەرژەوەندیی لایەنەكانی یارییەكە نییە، واتە ئەمەریكا و ئێران و میلیشیاكانی.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل