پۆستەری نەشیاو بە دیواری پەروەردەكانی پارێزگەی سلێمانی هەڵدەواسرێن

:: PM:09:02:10/02/2024 ‌

وەك هەوڵێكی خراپ و درێژەدان بە بایكۆت و نەكردنەوەی دەرگەی قوتابخانەكان و پەكخستنی كەرتی پەروەردە لە سنووری پارێزگەی سلێمانی، مامۆستایانی ناڕازیی چەندان پۆستەری نەشیاو و جۆراوجۆریان بە دیواری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەكان هەڵواسیوە و بەرپرسانی پەروەردە و و قوتابخانەكان بە كۆیلە ناو دەبەن، بەو جۆرە دەیانەوێ بەرپرسان بترسێنن.

ئەو كارەی مامۆستایانی ناڕازی كە دەیانەوێ خوێندنی ئەمساڵ بفەوتێت، كارێكی چەواشەكارییە و ئامانجەكەی ترساندنی بەرپرسانی پەروەردەی سنوورەكەیە لەپێناو درێژەدان بە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن، ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ شەموو هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رای گەیاند، كارەساتێكی گەورەیە ئەگەر بێت و ئەمساڵ خوێندنی سلێمانی بفەوتێت.

لەوبارەوە هەرێم شێخ جەمال، مامۆستا لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بایكۆت لە سلێمانی نەك هەر نەماوە، بگرە زۆر كاڵ بووەتەوە، زۆربەی مامۆستایان دەستیان بە وانەخوێندن كردووەتەوە و دەوام ئاسایی بوەتەوە، ئەوانەی دەچن بۆ خۆپێشاندان بەشێكیان ئەوانەن كە دەستیان كردووەتەوە بەدەوامكردن و رۆژانی تر دەوام دەكەن و رۆژانی یەكشەمیش دەچن بۆ خۆپێشاندان، دەیانەوێ وا بڵێن كە هەڵوێستیان هەیە و لەگەڵ خۆپێشاندانن، بەڵام لەو لاشەوە دەوام دەكەن، ئەمەش كارە راستەكەیە، دەوام بكەن و خۆپێشاندانی خۆشیان بكەن.

زیاتر گوتی، بایكۆتی سلێمانی بەتەواوی كاڵ بووەتەوە و 98%ی قوتابخانەكانی سلێمانی كراونەتەوە و دەوام دەكەن، هەندێك وەك دەردەدڵی خۆیان خەریكی ئەو كارەن، چونكە مامۆستا هەیە سزا دراوە و مامۆستا هەیە گوازراوەتەوە، بۆیە ئەو كارە دەكەن، شتێك نەماوە بەناوی بایكۆت و خەریكە بەتەواوی بایكۆت شكاوە، دانانی پۆستەر لەسەر دیواری پەروەردەش، ئەگەر مامۆستا كەسێكی پەروەردەیی بێت كاری وا ناكات، مامۆستا ناوی خۆی بەخۆیەوە، ئەوەی ئەو كارەی كردووە شتێكی نابەرپرسانەیە، پێویستە دەسەڵاتی یاسایی سلێمانیش ئەو كارە قبووڵ نەكەن.

لای خۆیەوە ئارام عەدنان، چالاكی مەدەنی بە "وشە"ی گوت، ئەو هەوڵەی مامۆستایان، هەوڵدانە بۆ درێژەدان بە بایكۆت، لەكاتێكدا هەموو بەرپرس و لایەنەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە درێژەدان و پەكخستنی كەرتی پەروەردە و نەكردنەوەی دەرگەی قوتابخانەكان، دروستكردنی مەترسییە لەسەر خوێندنی ئەمساڵ لەپێناو هەندێ بەرژەوەندی، لەكاتێكدا زۆربەی مامۆستایان چونەتەوە هۆڵەكانی خوێندن و وانە دەڵێنەوە، قوتابییەكان رۆیشتوونەتەوە، بەڵام ئەوانە دەیانەوێ كارێكی خراپ و چەواشەكاری بكەن و گوشار لەسەر بەڕێوەبەری پەروەردە و قوتابخانەكان دروست بكەن.

باسی لەوەش كرد، هەڵواسینی پۆستەری چەواشەكاری و جۆرێك لە سووكایەتی بە دیواری كەرتی پەروەردە هەوڵێكی باش نییە، ئەوە هاندانە بۆ ئەوەی مامۆستایان كە دەوام دەكەن، ئەوانیش دووبارە بایكۆت بكەنەوە و نەدەبوو رێگە بەوە بدرێت، چونكە كەرتی پەروەردە و خوێندن بابەتێكی گشتییە و پێوەندی بە هەموو ماڵێكەوە هەیە و ناكرێت كار بۆ پەكخستن و دروستكردنی مەترسی بكرێت.

پێوەست بەو بابەتە ئیبراهیم میرزا، مامۆستایەكی ترە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، ئەو كارەی مامۆستایان شتێكی باش نییە، ئەگەر ئەوان خۆپێشاندان دەكەن و درێژە بە بایكۆت دەدەن، جەبێت لە چوارچێوەی خۆپێشاندانێكی ئاسایی بێت نەك پەنا بۆ هەندێ دەستەواژە و قسە ببەن كە شتێكی باش نییە، بۆیە كێ لەگەڵ بایكۆتە با بەشدار بێت، كێش دەوام ئەكات ئەوە دیارە و قوتابخانەكان كراونەتەوە.

جێگەی باسە، پێنج مانگە ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێ كردووە و بەشێكی مامۆستایان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامی بە بەیایكۆت دەدەن، بەوەش چارەنووسی سەتان هەزار خوێندكاریان خستووەتە مەترسیییەوە.

وشە/ تایبەت





وشە - تایبه‌ت